Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت ئاشتیمان دەوێت لەکاتێکدا بلینکن لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕوسیادا کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا و ئەڵمانیا و کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا لە جنێڤ هەوڵ دەدات گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا کەم بکاتەوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئەمەریکا ململانێی ناوێت، ئاشتیمان دەوێت."

بەرپرسەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن دەسەڵاتی هەیە گرژییەکانی ئەم قەیرانە کەمبکاتەوە تاوەکو ئەمەریکا و ڕوسیا بتوانن هەوڵی پەیوەندییەک بدەن کە لە دوژمنکاری و قەیرانەوە سەرچاوەی نەگرتبێت."

ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام کۆمەڵێک داوای ئاڕاستەی ڕۆژئاوا کردووە و دەڵێت تاوەکو ڕۆژئاوا داواکارییەکانی پەسەند نەکەن ئەوا دەکرێت کردەوەیەکی سەربازیی دیارینەکراو ئەنجام بدات.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دمیترۆ کولیبا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا کۆدەبێتەوە.

دواتر لە بەرلین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک و بەرپرسانی فەڕەنسا و بەڕیتانیادا کۆدەبێتەوە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت بەشێک لە گفتوگۆکان سەبارەت بە ئامادەبوونی هاوپەیمانان دەبێت بۆ " سەپاندنی سزایەکی گەورەی ئابووری بەسەر ڕوسیادا."

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ڕۆژی هەینی بلینکن لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا کۆدەبێتەوە و هەوڵ دەدات هەوڵە سیاسیەکان لەگەڵ مۆسکۆدا زیاد بکات.

ڕۆژی سێشەممە بلینکن لەگەڵ لاڤرۆڤدا قسەی کرد و بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی دوو وەزیرەکە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیاندا بڕیاریانداوە باشترە ڕاستەوخۆ یەکتر ببینن و کۆببنەوە.

لەلای خۆیەوە لاڤرۆڤ وتی مۆسکۆ پێشوازی لە هەوڵ سیاسییەکانی ئەمەریکا دەکات و جەختی لەوە کردەوە ئۆکرانیا ئەو ڕێکەوتنانە پێشێل دەکات کە ئامانج لێیان کۆتایی هێنان بووە بە شەڕ و ململانێکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا و جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی سەرەڕای هەوڵە دیبلۆماسیەکان لەم مانگەدا، ئەمەریکا هێشتا دەیەوێت هەوڵێکی ڕوسیا ببینێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و مۆسکۆ دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت لە مانگی یەک یاخود دوودا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.

وتی " ئێمە ئێستا لە قۆناغێکداین کە ڕوسیا دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا."

بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێزەکانی ڕوسیا بۆ بێلاڕوس لەنزیک سنووری ئۆکرانیاوە، مۆسکۆ و مینسک دەڵێن ئامادەکاری بۆ مەشقێکی سەربازیی هاوبەش دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG