Accessibility links

ئەمەریکا و ئەوروپا داوا لە تورکیا دەکەن کاڤالا ئازاد بکات


عوسمان کاڤالا

ئەمەریکا و ئەوروپا داوایان لە تورکیا کرد عوسمان کاڤالا ئازاد بکەن کە بە کارە خێرخوازییەکانی ناسراوە و 1000 ڕۆژە لە زینداندایە و پێشتریش دادگا بە بێتاوانی ڕاگەیاندووە.

لە مانگی یانزەی ساڵی 2017 دا کاڤالا دەستگیرکرا و سەرەتا بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 ی تورکیا تۆمەتبار کرا، بەڵام دواتر لە مانگی دوودا دادگا بێتاوانی کاڤالای ڕاگەیاندوو و بڕیاریدا ئازاد بکرێت.

چەند کاتژمێرێک دوای بڕیاری ئازادکردنەکەی، کاربەدەستانی تورکی دووبارە فەرمانی دەستگیرکردنیان دایەوە، بەڵام ئەمجارە لەسەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە کودەتا سەرنەکەتووەکەی ساڵی 2016 ەوە، دواتر بە فەڕمی دەستگیرکرا. لە مانگی سێدا هەمان تۆمەت گۆڕدرا بۆ تۆمەتی سیخوڕیکردن.

لەلای خۆیەوە کاڤالا هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەمەریکا کیل براون داوای کرد کاڤالا ئازاد بکرێت بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا بە فەڕمی تۆمەتبار نەکراوە و فەرمانی دادگای بۆ دەرنەچووە.

براون لە بەیاننامەیەکدا وتی " داوا لە تورکیا دەکەین پابەندی دادپەروەری و سەروەری یاسا بێت و عوسمان کاڤالا ئازاد بکات و پەیڕەوی بەرنامەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە و خێرا بێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکەی."

بەرپرسی بڕیاردەری تایبەتی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا ناچۆ سانچێز ئامور وتی ئێستا کاڤالا وەکو تاقیکردنەوەیەک وایە بۆ ڕاستگۆیی تورکیا لەسەر مافەکانی مرۆڤ.

وتی " دووبارە داوای دادپەروەری ڕاستەقینە دەکەین لە تورکیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG