هه‌رسێ له ڕکه‌به‌رانی پارتی کۆماری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌ڵمه‌تی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاماده‌ی به‌رده‌م گردبوونه‌وه‌یه‌کی چالاکوانانی کۆنه‌پارێز له واشنتن ده‌بن.
ئاماده‌بوونی مت ڕامنی و ڕیک سانتۆرم و نیوت گنگرچ له کۆنفرانسی سـاڵانه‌ی کاردانه‌وه‌ی سیاسی کۆنه‌پارێز به چه‌ند ڕۆژێـک دوای ئه‌وه دێت که ڕیک سانتۆرم سیناتۆری پـێشووی ئه‌مه‌ریکایی بۆ سـتانی په‌نسلڤانیا و هه‌نووکه که یه‌کێـکه له ڕکه‌به‌رانی پارتی کۆماری ئه‌مه‌ریکایی بۆ سه‌رۆکایه‌تی سه‌رکه‌وتنی مه‌زنی له هه‌رسێ سـتانی میزۆری و مینه‌سۆتا و کۆلۆرادۆی تۆمارکرد.
سه‌رکه‌وتنی ڕیک سـانتۆرم له سـتانه‌کانی ئاماژه پـێدراو پـێـگه‌ی ناوبراوی وه‌ک کاندیدێـکی شه‌رعی به‌هێزکرد. هاوکات ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی به‌ڕێز ڕیک گومانی له‌سه‌ر توانای مت ڕامنی ده‌هێنێته گۆڕی له به‌ده‌سـتهێنانی ده‌نگی کۆنه‌پارێزان له هه‌ڵمه‌ته‌که‌یدا وه‌ک کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی.