Accessibility links

کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک ترامپ هەفتەی داهاتوو وتاری ساڵانەی سەرۆک پـێشکەش دەکات


هەرچەندە خانم نانسی پـلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدا نیـیە سەرۆک ترامپ وتاری ساڵانەی سەرۆک لە هەفتەی داهاتوو لە بەردەم هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس پـێشکەش بکات، بەڵام کۆشکی سپی بەردەوامە لە پـلانەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی وتارێکی تەلەفیزیۆنی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بۆ سەرانسەری وڵات لە ئێوارەی 29 ی مانگی یەک.

گوتەبێژی کۆشی سپی سارا ساندەرس ئێوارەی سێشەممە بە پەیامنێرانی گوت، لەم کاتەدا ئێمە بەرەو ئەوە دەچین کە سەرۆک وتارێک لەسەر ڕەوشی وڵات لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە کۆنگرێس پێشکەش بکات.

کاربەدەستێکی بەڕێوەبەرایەتی بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت ڕایگەیاندووە، بۆ چاوەڕوانکردنی ئەو وتارە ڕۆژی یەکشەممە ئیمێلێک لەسەر داوای کۆشکی سپی بۆ ئەو کاربەدەستەی کۆنگرێس نێردراوە کە کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساو پرۆتۆکۆڵەکان دەکات.

کاربەدەستانی کۆشکی سپی دەشڵێن، پلانی ئالتەرناتیڤیش هەن بۆ پیشکەشکردنی وتارەکە کە لە شوێنێکی ترەوە پێشکەش بکرێت لە ناویاندا لە کۆبونەوەیەکی سیاسیدا. ئەمانەش دەکەونە سەر ئەوەی داخستنی کارەکانی حکومەت هەتا کەی بەردەوام دەبن.

جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی هۆگان جیدلی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند " نانسی پـلۆسی بۆی نیـیە بە سەرۆک بڵێت کەی و لە چ کاتێک بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکا قسە بکات."

لە هەفتەی ڕابردوو پـلۆسی داوای لە ترامپ کرد وتارەکەی دوابخات یان بیدات بە یاسادانەران. ئەو نیگەرانی لەمەڕ ئاسایشی دەربڕی، ئاماژەی بەوە کرد بەشێک لە دەزگای پاراستنی کاربەدەستە باڵاکانی ئەمەریکا و وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی بەر داخستنەکەی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا کەوتوون کە لە کۆتایی مانگی دوازدەوە بەردەوامە.

کۆشکی سپی نکوڵی لەوە دەکات هیچ گرفتێک هەبێت بۆ دابینکردنی ڕێوشوێنی ئاسایشی ئەو ڕێوڕەسمە، سەرەڕای داخستنی هەندێک لە دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا.

لە هەنگاوێکدا کە وەکو تۆڵەکردنەوە دژ بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دادەنرێت ترامپ ڕێگەی نەدا پـلۆسی فڕۆکەی لەشکری ئەمەریکا بەکاربهێنێت بۆ گەشتێکی شاندێکی کۆنگرێس بۆ سەردانیکردنی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG