Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە شکست دەهێنێت لە دیاریکردنی نوێنەرێک بۆ بیابانی ڕۆژئاوا


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لەمدواییانەدا جارێکی دیکە شکستی هێنا لە هەوڵەکانیدا بۆ دیاریکردنی نوێنەرێک بۆ بیابانی ڕۆژئاوا، ماوەی دوو ساڵ دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەری لەو ناوچەیە نەماوە، بەپێی سەرچاوە دیبلۆماسیەکان بەرەی پۆلیساریۆ کاندیدە پرتوگالیەکەی ڕەت کردۆتەوە.

دیبلۆماتکارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " ئەمە یەکەم کاندید نیە یەکێک لە لایەنەکان ڕەتی بکەنەوە."

بەپێی دوو دیبلۆماتکاری دیکە دوایین کاندید کە پێشنیارکرابوو بۆ پۆستەکە وەزیری پێشووی دەرەوەی پرتوگال لویس ئامادۆ بوو.

بەپێی هەمان سەرچاوە، بەرەی پۆلیساریۆ دوای ئەوەی شیکردنەوەیان بۆ لێدوانەکانی ئامادۆ کردووە کاتێک وەکو وەزیر لێدوانیداوە، جەختی لەوە کردەوە ئامادۆ زیاتر مەیلی بەلای مەغریبدا دەڕوات.

دیبلۆماتکارەکان وتیان پشتیوانیکردنی مەغریب لە ئامادۆ " هۆکاری تەواوە بۆ ئەوەی بیابانییەکان ڕەتی بکەنەوە."

بەپێی سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکیەکان هەوڵدەدەن بابەتەکە بجوڵێنن، ئەوەش لەپێناو دیاریکردنی نوێنەرێک بۆ بیابانی ڕۆژئاوا.

هەڵوێستی سیاسیی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ هەڵوێستی سیاسیی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا یەک ناگرێتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی دوانزەدا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانی بە سەروەری مەغریبدا نا بەسەر بیابانی ڕۆژئاوادا.

تاوەکو ئێستا بەتەواوەتی سیاسەتی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا سەبارەت بە پرسەکە ڕوون نیە و هیچ لێدوانێکیشی سەبارەت بە بڕیارەکەی ترامپ نەداوە.

لەلای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە بڕیارەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا نەکرد و بەردەوام بوو لە کارکردن بە یاساکانی خۆی کە سێ دەیەیە بڕیارییان لەسەردراوە.

ململانێکانی بیابانی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەیەک لەمەوبەر، بەرەی پۆلیساریۆ داوای گشتپرسییەک دەکات لەسەر ئەو چارەنووسەی کە لە ساڵی 1991 نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەرداوە، بەڵام مەغریب کە نزیکەی لەسەدا 80 ی بیابانەکەی لەژێر دەستدایە، پێشنیاری ئەوە دەکات حوکمێکی خۆجێی بە ناوچەکە بدات بەڵام لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG