Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕەنگە هەزاران کەس لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریکا ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە


جیبۆ، بورکینا فاسۆ
جیبۆ، بورکینا فاسۆ

بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ساڵی داهاتوودا ڕەنگە زیاتر لە 25,000 کەس لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای ئەفریکا کە شەڕییان تێدایە ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە.

فێدریکۆ دۆیهنێرتی ڕاوێژکار لە بەرنامەی خۆراکی جیهان دەڵێت توندوتیژییەکان و خراپبوونی ئابووری بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڕەشەیان لەسەر هاوڵاتیانی نایجیریا و مالی و بورکینا فاسۆ دروست کردووە.


دۆیهنێرت لە داکار لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا سەبارەت بە دوایین ڕاپۆرتی وڵاتانی ناوچەکە و ڕێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاسایشی خۆراک گوتی " یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە ئێمە پێشتر لە ساڵی ڕابردوودا کێشەی گەورەمان هەبووە لەسەر نەبوونی ئاسایشی خۆراک، ئەم ساڵ دەبینین خراپتر بووە."

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لەم هەفتەیەدا وتی ناوچەکەی سەر سنووری نێوان بورکینا فاسۆ و مالی و نایجەر ناوەندی خراپتر بوونی قەیرانە مرۆییەکانە لە ڕۆژئاوای ئەفریقادا، کە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و لافاو و وشکەساڵییەوە زیاتر لە 10 ملیۆن کەسی ناچار کردووە پێویستییان بە یارمەتی هەبێت.

دۆیهنێرت وتی نزیکەی لە سەدا 80 ی خەڵکەکە ڕووبەڕووی برسێتییەکی کارەساتاوی دەبنەوە، نزیکەی 20,000 کەسیان لە ناوچەی ساحیلی بورکینا فاسۆدان کە لەوێ جیهادییەکانی سەر بە ئەل قاعیدە و ڕێکخراوی داعش گەمارۆی شارەکانییان داوە و ڕێگەیان لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان گرتووە. دانیشتوانی شاری جیبۆ چەند مانگێکە گەمارۆ دراون، ناتوانن بچنە ناو کێڵگەکانیانەوە.

دانیشتوویەکی جیبۆ سیدی دیکۆ بە تەلەفون بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی گوت " تەنها لە کاتێکدا خۆراکمان دەست دەکەوێت کاتێک کاروانی یارمەتییەکان دەگەن، بە داخەوە بە بەردەوامی نایەن. لە خودا دەپاڕینەوە یارمەتیمان بدات و لەم دۆخە ڕزگارمان بکات."

دیکۆ گوتی ئەو خواردنە کەمەی کە دەگات لە ڕێی کاروانە سەربازییەکانەوە دەگات کە زۆرجار لەسەر ڕێگاکان هێرشییان دەکرێتە سەر. ڕێکخراوە مرۆییەکان دەبێت کۆپتەر بەکاربهێنن بۆ گواستنەوەی خۆراک، ئەوەش پارەی زۆری دەوێت.

دۆینهێرت گوتی لە مالی کە توندوتیژییەکان ماوەی دەیەیەکە بەردەوامن، 1700 کەس ڕووبەڕووی ئاستێکی کارەساتاوی برسێتی دەبنەوە.

وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش کە ڕووبەڕووی هەمان ئاستی توندوتیژی نەبوونەتەوە، بە هەمان شێوە کێشەی برسێتییان دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاسایشی خۆراک، لە چارەکی کۆتایی ساڵەکەدا، بێنین و کواتیڤوار و گینیا و گینیا بیساو و لایبیریا و سیێرا لیۆن و تۆگۆ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 دا ڕووبەڕووی لە سەدا 20 ی بەرزبوونەوەی ناپارێزراوی خۆراک دەبنەوە. نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە نایجیریا ڕووبەڕووی ناپارێزراوی خۆراک دەبنەوە.

بەرپرسێکی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیکردنی کاروباری مرۆیی کە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاوای ئەفریقادا دەکات، بێنیدێتا دی سینتیۆ، گوتی " لەم ساڵدا 63 ملیۆن کەسمان هەیە پێویستییان بە یارمەتییە. ساڵی داهاتوو پێشبینی 69 ملیۆن کەس دەکەین و ژمارەکەش لە زیادبووندایە، بەڵام ئاستی یارمەتییەکان زیاد یاخود کەم وەکو خۆیانن."

لە کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەی نێوان ئەمەریکا و ڕابەرانی ئەفریکادا لە کۆشکی سپی، ئەمەریکا یارمەتییەکی بەپەلەی درێژخایەنی بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی خۆراکی وڵاتانی ئەفریقا ڕاگەیاند کە بڕەکەی دەگاتە 2 ملیار دۆلار. ئەمەریکا لەم ساڵدا 10 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی خۆراک لە ناوچەی ساحیلدا، پارەکە دراوە بە بورکینا فاسۆ و مۆریتانیا و چاد.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG