Accessibility links

گوتێرێش داوا لە ئێران و ئەمەریکا دەکات پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای لە ئەمەریکا و ئێران کرد پێکەوە کاربکەن لەپێناو هاتنە دەرەوە لە قەیرانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان، بەڵام لە هەمان کاتدا دانی بەوەدا چاوەڕێی ئەنجامێکی خێرا ناکات.

بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا ئامادەباشی خۆی پیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کشایەوە لێی، بەڵام بە مەرجێک سەرەتا ئێران پابەند بێتەوە بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە.

گۆتیرێش وتی " کارێکی زۆر هەیە دەبێت بکرێت، بەڵام پێشبینی ئەوە ناکەم بەزووترین کات چارەسەر بکرێت."

وتیشی " پێم وایە دەبێت هەموو ئەوانەی بەشدارییان کردووە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پێکەوە کاربکەن، دەبێت پێکەوە لەپێناو کەمکردنەوەی نادیارییەکان کاربکەن و ڕووبەڕووی قورسایی و کۆسپەکان ببنەوە."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا " بێگومان قورسایی و کۆسپ و ئاڵۆزی هەیە چونکە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و ڕێوشوێنی دیکەی گرتەبەر. لە هەمان کاتیشدا ئێران هەندێک ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ پەرەپێدان بە توانا ناوەکییەکانی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG