Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە کاریگەریی وەستانی یارمەتییەکانی ئەمەریکا لەسەر دایکان لە ئەفغانستان


بەرپرسێکی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە وتی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا ملیۆنان ئەفغانی لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی سێکسی و زاوزێ دادەبڕێنێت و بەردەوامی نەبوونی ئەم هاوکارییە لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی زیاتر لە 1000 دایک لە ئەفغانستان لە ساڵی 2025 بۆ 2028.

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ مانگی ڕابردوو فەرمانی دا بۆ ماوەی 90 ڕۆژ یارمەتی گەشەپێدانی دەرەکی ڕابگیرێت، تاوەکو کاریگەریی و گونجاویی یارمەتییەکان لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەدا هەڵبسەنگێنێت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕێکخراوەکانی یارمەتییە مرۆییەکان لە سەرانسەری جیهاندا نیگەران ببن کە پشتییان بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بەستووە.

پیۆ سمیثی بەڕێوەبەری ناوچەی ئاسیا و پاسێفیک لە دەزگای تەندروستی سێکسی و زاوزێی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەهۆی داخستنی دامەزراوە تەندروستییەکانەوە زیاتر لە 9 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان و زیاتر لە 1.2 ملیۆن پەنابەری ئەفغانی کە لە پاکستان دەژین دەستییان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ناگات.

وتیشی ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین حاڵەتی گیان لە دەستدانی ژنانی دووگیانی تێدایە، بە جۆرێک لە هەر دوو کاتژمێرێکدا دایکێک بەهۆی ئاڵۆزییەکانی منداڵبوونەوە گیان لە دەست دەدات، ئەو ئاڵۆزییانەش دەکرێت ڕێگرییان لێبکرێت.

وتی " چی ڕوودەدات کاتێک پارە بۆ کارەکانمان خەرج ناکرێت؟ ژنان بە تەنها منداڵییان دەبێت، لە هەلومەرجێکی پیسدا.. کۆرپەکان بەهۆی هۆکارێکەوە گیان لە دەست دەدەن کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت. ئەمانە بە ڕاستی لاوازترین خەڵکن لە جیهاندا."

وتیشی " بۆ نموونە ئەگەر باسی ئەفغانستان بکەم، لە ساڵانی نێوان 2025 بۆ 2028 دا بەهۆی نەبوونی هاوکارییەکانی ئەمەریکاوە 1200 دایکی دیکە گیان لە دەست دەدەن و 109,000 دایکی دیکە دووگیان دەبن بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت."

وتی لە سەرانسەری ناوچەی ئاسیا – پاسێفیکدا، دەزگاکە نزیکەی 77 ملیۆن دۆلار لە هاوکارییەکانی ئەمەریکا وەردەگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG