وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی ئەفغانستان بە تاڵیبانیشەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لە یاسایەکی نوێدا کۆتوبەندییان خستەسەر دەنگ و ڕووخساری ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا و هەروەها خراپکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دوای ئەوەی نێردەکە ڕەخنەی لێگرتن.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک لە نیویۆرک داکۆکی لە نێردەی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان " یوناما " کرد لە ئەفغانستان و سەرۆکەکەی ڕۆزا ئۆتونباییڤا کرد، ئۆتونباییڤا لە ماوەی ڕابردوودا وتی یاسا نوێیەکەی تاڵیبان " تەنگانە " دەهێنێت بۆ داهاتووی ئەفغانستان.
هەفتەی ڕابردوو ئۆتونباییڤا وتی یاسا نوێیەکان کۆتوبەندەکانی پێشووتری سەر ژنان و کچان توندتر دەکەنەوە و ئێستا کۆتوبەند خراوەتە سەر " تەنانەت دەنگی ژنانیش " لە دەرەوەی ماڵەکانییاندا.
وەزارەتی هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری ئەفغانستان داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتان و کەس و لایەنەکان کرد ڕێز لە بەها ئاینییەکانی موسوڵمانان بگرن. ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە چیتر هاریکاری ناکات لەگەڵ یونامای نەتەوە یەکگرتووەکاندا چونکە یوناما ڕەخنەی لە یاساکانی گرتووە.
دوجاریک وتی " ئێمە ڕەخنەمان لەو بڕیارە گرتووە کە بوونی ژنان لە داهاتووی ئەفغانستاندا ناهێڵێت. لە ڕووی پەیوەندییەکانیشەوە لەگەڵ بەرپرسانی نافەڕمیدا، ئێمە بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی ئەفغانستاندا، بە تاڵیبانیشەوە."
سەرچاوە/ AP
نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیباندا سەرەڕای یاسا نوێیەکەی تاڵیبان بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژنان
