Accessibility links

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت یاسا نوێیەکانی تاڵیبان ' دیدێکی تەنگانە ' بۆ ئەفغانستان دەهێنن


بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت یاسا نوێیەکانی تاڵیبان بۆ هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری کە دەنگی ژنانی ئەفغانی و دەرکەوتنی ڕووخسارییان قەدەغە دەکات لە شوێنە گشتییەکان " دیدێکی تەنگانە " بۆ داهاتووی ئەفغانستان دەهێنن.

ڕۆزا ئۆتونباییڤای سەرۆکی شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان وتی یاساکان " ئەو کۆتوبەندانەی کە پێشتر سەپێندراون " بەسەر مافی ژنان و کچاندا توندتر دەکاتەوە و ئێستا " تەنانەت دەنگی کچانیش " لە دەرەوەی ماڵەکانییاندا قەدەغە کراوە و بە کارێکی نائەخلاقی سەیر دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو تاڵیبانی ئەفغانستان یەکەمین کۆمەڵە یاسای ڕاگەیاند بۆ هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری. یاساکان داوا لە ژنان دەکەن لە دەرەوەی ماڵەکانی خۆیان ڕووخسار و جەستە و دەنگی خۆیان بشارنەوە.

ئۆتونباییڤا وتی " دوای چەندین دەیە لە جەنگ و لە نێوەندی قەیرانێکی خراپی مرۆییدا، گەلی ئەفغانی شایستەی زۆر باشترن لەوەی هەڕەشەیان لێبکرێت یاخود زیندانی بکرێن ئەگەر دوابکەون لە نوێژەکان، یاخود سەیری ڕەگەزێکی دیکە بکەن کە نەناسیاوە، یاخود وێنەی خۆشەویستێکییان هەڵبگرن."

شاندەکە وتی تویژینەوەیەک دەکات لەسەر یاسا نوێیەکان و ئاڵۆزییەکانی بۆ گەلی ئەفغانی، هەروەها بۆ ئەگەری کاریگەرییەکەی لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و یارمەتییە مرۆییەکانی دیکە.

وەزیری هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری محەمەد خالید حەنەفی لە کەناڵی ئاڕ تی ئەی ئەفغانستان وتی هیچ کەس مافی ئەوەی نیە مافی ژنان پێشێل بکات لەسەر داب و نەریتی نەشیاو.

وتی " ئێمە پابەندین بە دڵنیابوونەوە لە سەرجەم مافەکان بۆ ژنان بەپێی یاسای ئیسلامی و هەر کەسێک گلەیی لەم بارەیەوە هەیە گوێی لێدەگیرێت و چارەسەر دەکرێت."

ساڵی ڕابردوو ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە وتی ژنانی ئەفغانی " ژیانێکی خۆشگوزەران و ئاسوودەیان " هەیە، ئەمەش سەرەڕای یاساکانی تاڵیبان کە مافی ژنانی بۆ خوێندن و چوونییان بۆ شوێنە گشتییەکان و کارکردن سەرکوت دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر وتوویەتی دانپێدانان بە تاڵیباندا وەکو فەرمانڕەوای ڕەوای ئەفغانستان مەحاڵ دەبێت لە کاتێکدا کە کۆتوبەندەکانی سەر ژنان و کچان ماونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی هیچ وڵاتێک دانی نەناوە بە تاڵیباندا، زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندییان هەیە لەگەڵیدا.

ئۆتونباییڤا بڕیارە لە 18 ی مانگی نۆدا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناو ئەفغانستان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بخاتەڕوو، سێ ساڵ دوای ئەوەی تاڵیبان خوێندنی کچانی لە سەروو پۆلی شەشەوە قەدەغە کرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG