Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی کوشتنی چوار یاخیبوو دەکات لە باشووری سودان


نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری سودان دەڵێت زۆر نیگەرانە سەبارەت بە هەواڵی کوشتنی چوار یاخیبووی باکووری سودان لە 7 ی مانگی هەشتدا لە باشووری وڵاتەکە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 دا سەربەخۆیی خۆی لە سودان ڕاگەیاند، شەڕی ناوخۆ لە باشووری سوداندا هەڵگیرسا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی وڵاتەکە ڕووبەڕووی بێ یاسایی و توندوتیژی ببێتەوە.

سێ ساڵ لەمەوبەر ڕێکەوتنێکی ئاشتی واژۆ کرا، بەڵام حکومەتی کاتی باشووری سودان خاو بووە لە یەکخستنەوەی فراکسیۆنە جیاوازەکانی سوپای وڵاتەکە و نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ و ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی کوشتنەکان وەکو وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکەی 22 ی مانگی حەوت کە لەلایەن بزووتنەوە یاخود سوپای گەلی باشووری سودانەوە ئەنجامدرا.

بەرپرسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری سودان لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەر کەسێک گومانی تاوانی لێبکرێت ئەوا دەبێت ڕووبەڕووی دادگاییکردنێکی گونجاو ببێتەوە، وەکو بەشێک لە پڕۆسەی دەسەڵاتی دادوەری."

وتەبێژی هێزەکانی بەرگری گەلی باشووری سودان لول ڕوای وتی سوپای وڵاتەکە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە کوشتنەکان، وتیشی کوشتنەکان بە ڤیدیۆ تۆمارکراون.

لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە پێنج کەس پیشان دەدات بە جلوبەرگی سەربازییەوە و تەقە لە سێ کەس دەکەن.

ڕوای لە بەیاننامەیەکدا گوتی سێ کەسییان لەلایەن تیمی تەقەکەرەکەوە کوژراون و چوارەمینیشیان بەسترابۆوە و بەزیندووی سوتێندراوە.

گوتیشی " گوایە ئەو کەسانە لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی بەرگری گەلی باشووری سودانەوە کوژرابێتن."

وتەبێژی بەرپرسانی بزووتنەوەی گەلی باشووری سودان لوک گاتیک گوتی کوژراوەکان لە 6 ی مانگی هەشتدا لەسەر سنووری سودان دەستگیرکراون و دواتر ڕادەستی بەرپرسانی باشووری سودان کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG