Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک لەسەر ئەفغانستان دەردەکات


ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی سەبارەت بە ئەفغانستان دەرکرد و تیایدا داوای لە تاڵیبان کرد پابەند بێت بە بەرپرسارێتیەکانیەوە بۆ ڕێگەدان بەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن. بەڵام لە بڕیارەکەدا باس لە پێشنیارەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن نەکراوە بۆ دامەزراندنی " ناوچەیەکی پارێزراو " لە کابوڵ.

بڕیارەکە کە لەلایەن ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنساوە داڕێژراوە و دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە، 13 ئەندامی ئەنجومەنەکە پەسەندییان کردووە و لەلایەن هیچ ئەندامێکیشەوە دژایەتی نەکراوە، بەڵام ڕوسیا و چین خۆیان بەدوورگرتووە لە دەنگدان لەسەر بڕیارەکە.

لە بڕیارەکەدا هاتووە دەڵێت ئەنجومەنەکە پێشبینی ئەوە لە تاڵیبان دەکات " ڕێگە بە هاتنە دەرەوەیەکی پارێزراو و ڕێکخراوی سەرجەم ئەفغانیەکان و هاوڵاتیە بیانیەکان بدات."

هەروەها تیایدا ئاماژە بە بەیاننامەکەی 27 ی مانگی هەشتی تاڵیبان دراوە کە تیایدا ڕایانگەیاند ڕێگە بەو ئەفغانیانە دەدەن کە مۆڵەتی گەشتکردنیان لە وڵاتێکی دیکەوە هەیە وڵاتەکە جێبهێڵن، لەڕێی خاڵە سنوورییەکانەوە بێت یاخود لەڕێی گەشتی ئاسمانیەوە.

بڕیارەکە دەڵێت " ئەنجومەنی ئاسایش پێشبینی ئەوە لە تاڵیبان دەکات پابەندی سەرجەم ئەمانە و بەرپرسیارێتیەکانی بێت."

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی فەڕەنسا و بەڕیتانیا کار لەسەر پێشنیارێک دەکەن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی " ناوچەیەکی پار‌ێزراو کە تیایدا ڕێگە بە ئەرکە مرۆییەکان بدرێت بەردەوام بن."

ماکرۆن وتی " من گەشبینم بەوەی سەرکەوتوو دەبێت، کێ هەیە دژی پڕۆژەیەکی پارێزراوی مرۆیی بێت."

بەڵام لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا باس لەو پێشنیارە نەکراوە و هێشتا ڕوون نیە کە ئایا دواتر باسی لێوە دەکرێت یاخود نا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG