سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی ئێستا کاتی ئەوەیە ڕووسیا کۆتایی بە " جەنگە بێ ماناکەی " بهێنێت لە ئۆکرانیا، وتیشی " کەس ناتوانێت لەو جەنگەدا براوە بێت."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " جەنگەکە هیچ سوودێکی نیە."
وتی " ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە ماریوپۆڵ لەلایەن سوپای ڕووسیاوە گەمارۆدراوە و بەردەوام بۆردومان دەکرێت و هێرشی دەکرێتەسەر. لەبەرچی ؟ "
وتیشی " تەنانەت ئەگەر ماریوپۆڵیش بکەوێت، ناتوانرێت شار بە شار و شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ ئۆکرانیا داگیربکرێت."
گۆتیرێش ئاماژەشی بەوەدا " تەنها دەرەنجام لە بەردەوامبوونی شەڕ، ئازار و ناڵە و وێرانکاری زیاتری لێدەکەوێتەوە."
بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕووسیا چەند جارێک کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بە کۆتایی هێنانی جەنگەکە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرچاوییان نەبووە و شەڕ و بۆردومان و پێکدادانەکان بەردەوامن.
گۆتیرێش وتی ئێستا زۆر هۆکار هەن کە بەس بن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی جددی.
وتی " ئەم جەنگە کەس ناتوانێت براوە بێت تیایدا، ئێستا بێت یان دواتر، هەر دەبێت گۆڕەپانی جەنگەکە بگوازرێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکانی ئاشتی، ئەوە شتێکە هەر دەبێت ببێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێستا کاتی ئەوەیە ڕووسیا کۆتایی بە جەنگە " بێ ماناکەی " بهێنێت لە ئۆکرانیا
