Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لوبنان لە حاڵەتی قەیراندایە


نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەسەر ئەوەی لوبنان لە حاڵەتێکی قەیراندایە و ملیۆنان خەڵک بێ کار ماونەتەوە و بەدەست کەمی خۆراک و دەرمان و سوتەمەنی و پێویستییە گرنگەکانی دیکەوە دەناڵێنن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک لە سەدا 90 ی خێزانە لوبنانییەکانی ناچار کردووە خۆراکی هەرزانتر بکڕن و ژەمەکانیان کەم بکەنەوە. هەروەها هۆشداریدا لەسەر ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی هەڕەشەی لەسەر ملیۆنان خێزان دروست کردووە، ئاسایشی خۆراکی خراپتر کردووە و بووەتە هۆی بەدخۆراکی و برسێتی.

لە ئامارێکی ئەمدواییانەدا دەرکەوتووە نزیکەی سێیەکی هێزی کاری لوبنان بێ کارن، نزیکەی لە سەدا 50 ی گەنجانی لوبنان بێ کارن. بەرپرسی ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان نەجات ڕوشدی گوتی 2.2 ملیۆن لوبنانی و 86,000 کۆچبەر و 200,000 پەنابەری فەڵەستینی پێویستییان بە یارمەتی بەپەلەیە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا لە سەدا 46 زیادیکردووە.

گوتیشی دیمەنی سەقامگیری دارایی لوبنان باش نیە. گوتی " توانەوەی ئابووری کۆمەڵایەتی لە لوبنان بەهۆی کاریگەرییەکانی قەیرانەکانی ئۆکرانیاوە خراپتر بووە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە کەمبوونەوەی ئاستی یەدەگی گەنمدا ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخەکانی سوتەمەنی بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکانی نان و هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی لوبنان دروست کردووە."

ڕوشدی گوتی کەرتی تەندروستی لوبنان لەسەر لێواری ڕووخاندایە، لەکاتێکدا کە پێویستییە تەندروستییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندان. وتیشی نەخۆشخانەکان بەدەست کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی دەرمان و کارەبا بڕانەوە دەناڵێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر چارەسەر و ژیانی نەخۆشەکان دروست کردووە.

گوتیشی نزیکەی 4 ملیۆن کەس لە لوبنان لەسەر لێواری مەترسی ئەوەدان کە دەستیان ڕانەگات بە ئاوی خواردنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی کارەباوە لە لوبنان. وتیشی ئەم قەیرانانە کاریگەرییان لەسەر سەرانسەری خەڵکی وڵاتەکە دروست کردووە.

ڕوشدی ئاماژەشی بەوەدا " ئەو توندوتیژییانەی کە لە ڕەگەزەوە سەرچاوەیان گرتووە و هەروەها چەوساندنەوە و دەستدرێژیی سێکسی لە زیادبووندان. ڕاپۆرتی زۆرمان لە ئافرەتان و منداڵانەوە بەدەست گەیشتووە کە دەڵێن لە شوێنە گشتییەکاندا هەست بە پارێزراوی ناکەن، لەوانەش لەسەر شەقامەکان و بازاڕەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە. قەیرانەکان کاریگەرییەکی دراماتیکیشیان هەیە لەسەر ڕەوشی ژیانی منداڵان."

ڕوشدی دەڵێت گەنجانی لوبنان داهاتووی خۆیان لە لوبنان نابینن و وڵاتەکە جێدەهێڵن. هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ئەم مێشک لەدەستدانە وڵاتەکە بێبەش دەکات لە زیرەکەکان، خەڵکانی بەتوانا پێویستن بۆ بوژاندنەوە و گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکە.


XS
SM
MD
LG