Accessibility links

لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕووسیا و ئۆکرانیاش ئەشکەنجەی بەندکراوەکانی جەنگییان داوە


 کۆمەڵێک سەربازی ڕووسی دوای ئازادکردنیان لەلایەن ئۆکرانیاوە
کۆمەڵێک سەربازی ڕووسی دوای ئازادکردنیان لەلایەن ئۆکرانیاوە

تیمێکی لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن بەندکراوەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاش ڕووبەرووی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن بوونەتەوە لەلایەن دەستگیرکەرانییانەوە. ڕاپۆرتی تیمەکە لەو چاوپێکەوتنانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەم چەند مانگانەی ڕابردوودا لەگەڵ 159 بەندکراوی جەنگدا ئەنجام دراون، لە نێویاندا 20 ئافرەت لەلایەن ڕووسیا و 179 پیاویش لەلایەن ئۆکرانیاوە بەندکرابوون.

لێکۆڵەرەوەکان دەڵێن تەنها ئۆکرانیا مۆڵەتی داونەتێ بچنە ناو شوێنی بەندکراوە ڕووسییەکانەوە. دەڵێن ڕووسیا ئەو جۆرە مۆڵەتەیان نەداونەتێ، لەبەر ئەوە چاوپێکەوتنییان لەگەڵ ئەو بەندکراوە ئۆکرانییانەدا کردووە کە ئازاد کراون.

بەرپرسی کاروباری ئەرکی چاودێری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکرانیا، ماتیڵدا بۆگنەر وتی بەندکراوەکانی جەنگی ئۆکرانیا بە تیمەکەیان وتووە دەستبەجێ دوای دەستبەسەرکردنیان لێیان دراوە. هەندێکییان کەلوپەلە تایبەتەکانیان تاڵان کراوە.

بۆگنەر وتی بەندکراوە ئۆکرانییەکان وتوویانە کاتێک گەیشتوونەتە ناوەندەکانی زیندانیکردنی ڕووسیاوە ڕووبەڕووی لێدان و هەڕەشە و هێرشی سەگ بوونەتەوە و ڕووت کراونەتەوە و خراونەتە دۆخی فشارەوە.

بۆگنەر وتی تیمەکەی زانیارییان وەرگرتووە لەسەر ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە تاوەکو ئێستا 9 بەندکراوی ئۆکرانی لە میانەی ئەم پڕۆسانەدا گیانییان لە دەستداوە. وتیشی تیمەکەی ئێستا کار دەکات بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم حاڵەتی گیان لە دەستدانانە.

وتی " زۆربەی زۆری ئەوانەی چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا کردوون پێیان وتووین لەو ماوەیەی کە لە ناوەندەکانی زیندانیکردندا بوون ئەشکەنجە دراون و خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن تەنها بۆ ئەوە بەکارنەهاتوون کە سەربازە بەندکراوەکان زانیاری سەربازیی بدەن. بەڵکو پێیان وتین ئەو جۆرە مامەڵەکردنانە ڕۆژانە ئەنجام دراون بۆ تۆقاندن و سوکایەتی پێکردنیان."

بۆگنەر ئاماژەشی بەوەدا ئەرکەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند حاڵەتێکی دیکەیان تۆمار کردووە کە تیایدا بەندکراوە ڕووسییەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیاوە ئەشکەنجە دراون و خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. بەپێی بۆگنەر هەندێک لەو پیاوانە وتوویانە دوای خۆبەدەستەوەدانیان و لێپێچینەوە کردن لەگەڵیاندا لێیان دراوە. ئەوانی دیکە وتیان لەلایەن پۆلیسی ئۆکرانیا یاخود ئەو سەربازانەی کە پاسەوانییان کردوون بە چەقۆ لێیان دراوە یاخود کارەبایان لێدراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG