ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای ڕاگرتنی فرۆشتنی چەکی کرد بە ئیسڕائیل، تیشکی خستەسەر هۆشدارییەکان لەسەر " کۆمەڵکوژی " لە جەنگەکەدا لە غەززە، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 33,000.
لە کۆی 47 ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە، 28 ئەندامییان لە بەرژەوەندی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگییاندا، 13 ئەندامییان خۆیان لە دەنگدانەکە بەدوورگرت و شەش ئەندام دژایەتییان کرد. ئەمەش یەکەمین جارە ئەنجومەنێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستێک بگرێتەبەر لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە کە بە خوێناویترین جەنگ دادەنرێت لە ناوچەکەدا.
باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان میراڤ ئیلۆن شاهار دژایەتی بڕیارەکەی کرد و وتی " پەڵەیەکە لەسەر ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە گشتی."
لە نوسراوی بڕیارەکەدا هاتووە داوا لە سەرجەم وڵاتان دەکات " فرۆشتن و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکە بە ئیسڕائیل قەدەغە بکرێت، ئەوەش لە پێناو ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی زیاتری یاسا مرۆییەکان و پێشێلکردنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ."
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە مانگی یەکدا دادگای دادی نێودەوڵەتی بڕیاریداوە کە " مەترسیی کۆمەڵکوژی هەیە لە غەززەدا."
پڕۆژە بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی کە لەلایەن پاکستانەوە لە بری سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامییەوە پێشکەشی کردبوو جگە لە ئەلبانیا، داوای " ئاگربەستێکی دەستبەجێ " و " گەیشتنی دەستبەجێی یارمەتییە مرۆییەکان " دەکات.
باڵیۆزی فەلەستینییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیبراهیم محەمەد خرەیشی پێش دەنگدانەکە بە ئەنجومەنەکەی وت " دەبێت ئێوە لە خەو هەستن و ئەم کۆمەڵکوژییە ڕابگرن، کۆمەڵکوژییەک کە لە ڕێی تەلەفیزیۆنەوە بە سەرانسەری جیهاندا دەگوازرێتەوە."
باڵیۆزی ئەفریکای باشوور مخۆلیسی نیکۆسیش وتی ئێستا کاتی ئەوەیە ئەنجومەنەکە کارێک بکات و وتی " بێدەنگی ئێمە بە ڕاستی کەڕکەر بووە."
هاوکات شاهار بە ئەنجومەنەکەی وت کە " دەنگدان بە بەڵێ دەنگدانە بە حەماس. دەنگدان بۆ پشتگوێ خستنی کوشتاری و لاقەکردنی گەلەکەم دەنگدانە بۆ نەهێشتنی مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی."
هەریەک لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ئەرجەنتین و بولگاریا و مالاوای و پاراگوای بە نەخێر بۆ پڕۆژە بڕیارەکە دەنگیاندا.
بەڵام باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان میشێل تایلەر ڕەخنەیەکی نائاسایی توندی لە ئیسڕائیل گرت و وتی " ئیسڕائیل کاری تەواوی نەکردووە بۆ کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل."
بەڵام وتیشی ئەمەریکا ناتوانێت پشتیوانی لە پڕۆژە بڕیارەکە بکات چونکە " کێشەی زۆری تێدایە "، لەوانەش شکستهێنان لە سەرکۆنەکردنی حەماس و هێرشەکانی لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل.
دەنگدانەکەی ڕۆژی هەینی دوای ئەوەش هات کە هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوای ئاگربەستێک دەکات، ئەمەریکا ڤیتۆی دژی بڕیارەکە بەکارنەهێنا، بەڵام خۆی بە دوورگرت لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە، بەهۆی ئەوەشەوە پڕۆژەکە پەسەند کرا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
ئەنجومەنی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک دەکات بە ئیسڕائیل
