Accessibility links

لە تەقینەوەیەکدا لە مالی لانیکەم دوو سەربازی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان گیانیان لەدەستدا


نێردەی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی دەڵێت بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە بە کاروانێکی لۆجیستیکیدا لە باکووری مالی، لانیکەم دوو سەربازی ئاشتی پارێز گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکە بە سەختی برینداربوون.

نێردەی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕووداوەکە بەیانی ڕۆژی سێشەممە لەسەر شەقامی نێوان گوندی تیسالیت و شاری گاو ڕوویداوە.

وتیشی " بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، دوو سەربازی ئاشتی پارێز گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکە بە سەختی برینداربوون."

دوای ئەوەی چەکدارە ئیسلامییەکان دە ساڵ لەمەوبەر باکووری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، ڕەوشی ئاسایشی مالی خراپتر بووە، هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتەکە زیاتر بووە.

ململانێکان بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری ناوچەی ساحیلی باشووری سەحارادا.

هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا ژمارەیان نزیکەی 12,200 سەربازە لە مالیدا.

بەپێی نێردەکە، لە مانگی هەشتی ساڵی 2013 ەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 174 سەربازی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کردەوە توندوتیژەکاندا کوژراون و زیاتر لە 420 سەربازی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG