لە ڕاپۆرتێکی نهێنی چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور هێشتا بەردەوامە و وڵاتەکە کار لەسەر ئەوە دەکات چۆن پارێزگاری لەم توانایانە بکات کە لە داهاتوودا نەتوانرێت بە هیچ لێدانێکی سەربازیی لەناوببرێن.
ڕاپۆرتەکە پێشکەش بە لیژنەی سزاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە و ڕۆیتەرز چاوی پێی کەوتووە، ئەمەش پێش کۆبوونەوەی دووەمی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لەم مانگەدا. کۆبوونەوەی یەکەمیان لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا بوو، تیایدا کیم بەڵێنیدا کار بکات بۆ داماڵینی چەکی ناوەکیی.
لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئاماژەی بەوەدا پێشڕەویەکی باش کراوە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆریای باکووردا، ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات " پیۆنگیانگ دامەزراوە مەدەنییەکانی وەکو فڕۆکەخانەکان بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی موشەکە باڵیستیکیەکان و تاقیکردنەوەیان."
ڕاپۆرتەکە دەشڵێت " بەڵگەی دۆزیتەوە لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور شوێنەکانی کۆکردنەوە و پاشەکەوت کردن و تاقیکردنەوەی جیاکردۆتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز