مای ساتۆ، نێرەدی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕۆژی پێنجشەممە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەسەندکردنی فەرمانی لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکەوانی مەدەنی کورد کە لە زیندانی ئێڤین لە تاران دەستبەسەرە.
ساتۆ بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی بەپێی هەواڵەکان، پەخشان عەزیزی "لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دراوە و بێبەش بووە لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر."
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسیەی پەخشان عەزیزی بە "ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی بەرفراوانی چالاکوانانی ژن لە کەمینەکان" لە ئێران ناو برد.
بەپێی ماڵپەڕی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، شارەزایان ئاماژەیان بەوە داوە کە تۆمەتەکانی دژ بە پەخشان عەزیزی لە ئاستی ئەو تاوانە مەترسیدارانەدا نین کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بگونجێن بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان. جەختییان لەوە کردەوە کە سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤە.
لە 23 ی مانگی حەوتی ساڵی 2024 دا لقی 26 ی دادگای پاسدارانی تاران سزای لە سێدارەدان و چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پەخشان عەزیزیدا سەپاند، دادوەری دادگاکە ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی " یاخیبوون لە ڕێی ئەندامێتی لە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆندا " عەزیزی تۆمەتبار کرد. لە هاوینی ساڵی 2023 دا پەخشان عەزیزی دەستگیرکرا و لەو کاتەوە لە زینداندایە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە دەستگیرکردنی پەخشان عەزیزی و تاوانبارکردنی وادیارە کە تەنها بەهۆی چالاکییە یاساییەکانییەوە بوو بێت وەکو کارمەندێکی کۆمەڵایەتی، لەوانەش پشتیوانیکردن لە پەنابەران لە عێراق و سوریادا.
شارەزایان ئاماژەشیان بەوە داوە کە چەندین ئەندامی خێزانەکەی پەخشان عەزیزی بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەسەرکراون و ڕووبەڕووی تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانی بوونەتەوە، ڕەنگە ئەوەش وەکو ئامڕازێک بەکارهێندرابێت بۆ فشارخستنەسەر عەزیزی تاوەکو ناچاری بکەن دان بنێت بە تاوانەکاندا.
شارەزایان لە بەیاننامەکەیاندا نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی سزاکانی مەرگ و جێبەجێکردنییان لە ئێران، دەڵێن ژمارەی لە سێدارەدانەکان لە وڵاتەکەدا لە ساڵی 2024 دا 900 حاڵەتی تێپەڕاندووە، لە سێدارەدانی ژنانیش لەو ساڵەدا زیادی کردووە.
ئەنجومەنی مقاوەمەی نیشتیمانی ئێران، کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی دژ بە ڕژێمەکەی ئێرانە، وتی لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە 1000 کەس لە سێدارە دراون.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان دۆسییەکەی عەزیزی نموونەی زیادبوونی سەپاندنی سزای مەرگن بەسەر چالاکەوانە ژنەکانی سەر بە گروپە کەمینەکانی ناو ئێران و ڕەنگدانەوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ سزادان و بێدەنگکردنییان لە ڕێی ترساندن و تۆقاندنەوە.
بڕیارەکەی دادگای باڵای ئێران بۆ پشتگیرکردن لە سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر پەخشان عەزیزیدا بووەتە هۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینێکی بەرفراوان.
ڕۆژی سێشەممە جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی سەر پەخشان عەزیزی کرد. عەزیزی چالاکەوانێکی کورد و کارمەندێکی کۆمەڵایەتییە.
ئابرام پالی لە ئێکس نوسیویەتی کە ئەمەریکا داوا لە حکومەتی ئێران دەکات سزای مەرگ بەسەر کارمەندی مرۆیی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێنێتەوە دوابەدوای دادگاییکردنە ساختەکەی.
جەختی لەوەش کردەوە کە " ڕژێمی ئێران دەبێت بە ئامانجکردنی کوردە کەمینەکان ڕابگرێت و بەکارهێنانی سزای مەرگ بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایی دەربڕینە ئاشتییانەکان ڕابگرێت."