دیبلۆماتکاران بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وتووە بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا هەوڵ دەدەن لە کۆبوونەوەیەکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە ڕۆژی دووشەممە دەستپێدەکات سەرزەنشتی ئێران بکەن لەسەر هاریکاری نەکردنی لەگەڵ دەزگاکەدا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا دژایەتی دەکات.
زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن ئێران هەوڵی پەرەپێدانی چەکێکی ئەتۆمی بدات، کۆماری ئیسلامیش هەمیشە ئەو بانگەشەیەی ڕەت کردووەتەوە.
دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئێران تەنها وڵاتە کە چەکی ئەتۆمی نیە و یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی بەرزی لە سەدا 60 دەپیتێنێت، هاوکات بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆم کۆدەکاتەوە.
پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 نزیک دەبێتەوە لە ڕێژەی لە سەدا 90 کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها زۆر زۆرتریشە لە لە سەدا 3.7 کە بەکاردەهێندرێت بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەدا، سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی جەختی لە نیگەرانییەکانی کردەوە و وتی " ئەوە جێی پەسەند کردن نیە قسە لەسەر چەکی ئەتۆمی بکەیت، وەکو چۆن هەندێک کەس لە ئێران قسەی لەسەر دەکەن."
وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە لە ئێستادا تواناکانی دەزگاکە بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کەم بووەتەوە، گرۆسی هۆشداریدا و وتی " ئەو بۆشاییەی کە ئێستا دروست بووە لە زانیارییەکاندا، زۆر قورسی دەکات بگەڕێیتەوە سەر دیبلۆماتییەت. جێی ئاماژەیە ئێران کۆتوبەندی خستووەتە سەر توانای چاودێریکردنی کارخانە ئەتۆمییەکانی لەلایەن دەزگای وزەی ئەتۆمییەوە.
دیبلۆماتکاران بە فرانس پرێسییان وت هەنگاوی دەرکردنی بڕیارێک دژی ئێران لە کۆبوونەوەکەی دەستەی دەزگاکەدا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە " پێویستە بەپەلە کاردانەوەیەک هەبێت بۆ قورسایی دۆخەکە."
بڕیاری سەرزەنشتکردنی ئێران هەنگاوێکی سیمبولییە بۆ زیادکردنی فشارە دیبلۆماتییەکانی سەر ئێران. دوایین جار لە مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا ئەو بڕیارە لەلایەن دەستەی کارگێڕی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتییەوە درا، ئێرانی ناچار کرد تۆڵە بکاتەوە، ئەوەش لە ڕێی زیادکردنی چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی دەستەکەدا لە مانگی سێدا، زلهێزەکانی ئەوروپا پلانەکانییان دواخست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پشتگیریی ئەمەریکاوە.
ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە کۆسپی خستبێتە بەردەم هەوڵەکانی ئێران بۆ لێپێچینەوە لە ئێران، دیبلۆماتکاران دەڵێن بەڵام لەوە دەترسێت سەرزەنشتکردنی ئێران ببێتە هۆی زیادکردنی گرژییەکانی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە مانگی یانزەی ئەم ساڵدا بەڕێوەبچێت.
هاریکاری نێوان ئێران و دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە، دەزگاکە کۆشش دەکات بۆ دەستکەوتنی دڵنیاییدانێک لە ئێرانەوە لەسەر ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە.
دیبلۆماتکاران دەڵێن بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی ئێستای بێکرداریی لە نێوەندی زیادکردنی گرژییەکاندا لەلایەن ئێرانەوە چیتر نابێت پشتگیری لێبکرێت و ڕەنگە هەڵوێستی ئەمەریکاش پێش دەنگدانەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە بڕیارە دواتر لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت بگۆڕێت.
لە مانگی پێنجدا گرۆسی سەردانی ئێرانی کرد لە هەوڵێکدا بۆ باشکردنی هاریکارییەکان، هەروەها داوای " ئەنجامێکی بەرجەستەی کرد بە زووترین کات."
هاوکات مردنی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیش لە کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا گفتوگۆکانی وەستاندووە، دیبلۆماتکارانیش پێشنیاری ئەوە دەکەن کە تاران ڕووداوەکە وەکو بیانوویەک بەکاردەهێنێت بۆ ڕاگرتنی گفتوگۆکان.
بەڵام ڕۆژی دووشەممە گرۆسی ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی وەستانەکە " بەشێک نەبووە لە تەکتیکێکی ئێران بۆ دواخستنی گفتوگۆکان."
وتیشی ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسانی نوێی ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە، دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران کە بڕیارە لە 28 ی مانگی شەشدا بەڕێوەبچن.
لە ڕەشنووسە نهێنییەکەدا هاتووە دەڵێت " زۆر گرنگە و دەبێت دەستبەجێ " تاران " لە ڕووی تەکنیکییەوە ڕوونکردنەوە " بدات لەسەر بوونی تەنۆلکەی یۆرانیۆم کە لە دوو کارخانەی ڕانەگەیەندراوی ئێراندا دۆزراونەتەوە.
دەشڵێت دەبێت ئێران " بڕیاری کشاندنەوەی چەندین پشکنەری بە ئەزموونی دەزگاکە هەڵبوەشێنێتەوە و بەبێ دواکەوتن " کامێرا چاودێرییەکان چالاک بکاتەوە کە بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەکارهێندراون.
هەروەها باس لە " نیگەرانییەکان " دەکات سەبارەت بە بەیاننامە گشتییەکانی ئەمدواییانەی کە لە ئێران دەرکراون، کە باس لە توانا تەکنیکییەکانی ئێران دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئەگەری گۆڕانکاری لە پەیڕەویی ئەتۆمی ئێراندا."
لە ساڵی 2015 دا ئێران و زلهێزەکانی جیهان ڕێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆ کرد، مەبەست لە ڕێککەوتنەکە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەریشدا لابردنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە. بەڵام لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ئێرانیش سەرجەم بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ خست.
تاوەکو ئێستاش هەوڵەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە شکستییان هێناوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس