سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەمەریکا و چین کرد " پەیوەندییە تەواو تێکچووەکانی " نێوانیان چاک بکەنەوە، بەرلەوەی کێشەکانی نێوان دوو کاریگەرترین وڵاتی جیهان پەرەبسەنێت و بە هەموو جیهانیشدا بڵاوببێتەوە.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس باسی لە پەتای کۆرۆنا و نیگەرانیەکان کرد لەسەر کەش و هەوا و کۆمەڵێک بابەتی دیکە.
گۆتیرێش وتی ئەمەریکا و چین کە گەورەترین ئابووری جیهانن دەبێت هاریکاری یەکتری بکەن لە بابەتی گۆڕانی کەش و هەوادا و گفتوگۆی زیاتر بکەن لەسەر بازرگانی و تەکنەلۆجیا و مافەکانی مرۆڤ و ئابووری و ئاسایشی ئینتەرنێت و سەروەری دەریای باشووری چین.
گۆتیرێش وتی " بەداخەوە ئەمڕۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکمان هەیە."
وتی " دەبێت دووبارە پەیوەندییەکی چالاک لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا دروست بکەینەوە." ئاماژەی بەوەدا ئەو پەیوەندییە چالاکە " گرنگە بۆ کێشەکانی هەڵمەتەکانی کوتان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و زۆرێکی دیکە لە کێشە جیهانیەکان، کە ناتوانرێت بەبێ پەیوەندییەکی بونیادنەرانە لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی لەنێو زلهێزەکاندا چارەسەر بکرێن."
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس گۆتیرێش دووبارە جەختی لەوە کردەوە ململانێی جیۆسیاسی و ستراتیژی سەربازی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی " مەترسی " و جیهان دابەش دەکات، وتی بۆیە دەبێت بەزووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین چارەسەر بکرێن.
وتیشی " دەبێت بە هەر نرخێک بێت خۆمان لە جەنگی سارد بەدووربگرین کە جیاواز دەبێت لەوەی پێشوو، لەوانەشە مەترسیدارتر بێت و قورستر کۆنتڕۆڵ بکرێت."
لە دوای جەنگی جیهانی دووەم جەنگی سارد لە نێوان " یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتەوە " و " ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاواوە " سەریهەڵدا و بە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 دا کۆتایی هات. ڕووبەڕووبوونەوەی دوو زلهێز بوو کە هەردوولایان خاوەنی چەکی ناوەکی بوون و ئایدۆلۆجیای جیاوازییان هەبوو : شیوعیەت و ڕژێمی زۆردارەکی لەلایەکەوە، سەرمایەداری و دیموکراسی لەلایەکی دیکەوە.
گۆتیرێش وتی جەنگێکی نوێی سارد پێدەچێت ترسناکتر بێت چونکە دوژمنایەتی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت هەندێک یاسای ڕوونی دروستکرد، هەردوولاش دەیانزانی دەرەنجامی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی چەند وێرانکەر دەبێت. بەهۆی ئەوەشەوە کۆمەڵێک کەناڵی پەیوەندی و کۆڕ هەبوون کە مەبەست لێییان ئەوە بوو " دڵنیا ببنەوە لەوەی ڕێگە نەدەن شتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن."
وتی " ئێستا ئەمڕۆ هەمووشتێک ناجێگیرە، تەنانەت ئەو ئەزموونەی کە لە ڕابردوودا هەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا چیتر نەماوە."
وتی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا لەگەڵ ئوستڕاڵیادا بۆ دابینکردنی ژێردەریاییەک کە بە وزەی ناوەکی کاردەکات تاوەکو لە ئاسیا بەبێ ئەوەی ئاشکرا ببێت کاربکات، " تەنها پارچەیەکی بچووکە لە نادیارییەکی ئاڵۆزتر، ئەمە بەتەواوەتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین تێکدەدات."
لەلای خۆیەوە وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وەڵامی گۆتیرێشی دایەوە و وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن هاوڕا نیە لەگەڵ گۆتیرێشدا لەسەر " وێناکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین، پەیوەندیمان لەگەڵ چیندا ململانێ نیە بەڵکو ڕکابەرییە."
وتیشی " ئەو ( بایدن ) هەوڵی هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێی سارد نادات لەگەڵ هیچ وڵاتێکی جیهاندا."
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس