Accessibility links

ئەردۆغان: تورکیا کاردەکات بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی سیاسیی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند تورکیا پێشبینی دەکات یەکێتی ئەوروپا " بەرپرسیارێتییە پشتگوێ خراوەکانی بەرامبەر وڵاتەکەمان " جێبەجێ بکات کە ماوەیەکی زۆرە ئەو بەرپرسیارێتییانە پشتگوێ خراون.

ئەردۆغان لە ماوەی وتارەکەیدا لە نیویۆرک وتی " زیادبوونی سروشتی ئاڵۆزی ئاستەنگییە ناوچەیی و جیهانییەکان دەریدەخەن کە لە ئێستادا زیاد لە هەموو کات پێویستییەک هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، لەسەر بنەمایەکی تەندروست."

وتیشی " پێشبینی دەکەین یەکێتی ئەوروپا بە خێرایی دەست بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییانەی کە هەیەتی بەرامبەر وڵاتەکەمان و ماوەیەکی زۆرە پشتگوێی خستوون. بە تایبەتی هەڵسوکەوتە دووڕووییەکەی بەرامبەر تورکیا دەبێت کۆتایی بێت."

تورکیا لە ساڵی 1987 ەوە بە فەڕمی داوای ئەندامێتی کردووە لە یەکێتی ئەوروپادا، لە ساڵی 1999 ەوە بووەتە کاندید.

ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا باسی لە چەند پرسێکی ناوچەیی و جیهانی کرد لەوانەشدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراقی دراوسیێ.


سەبارەت بەو پەیوەندییانەگوتی تورکیا هیواخوازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا پتەوتر بکات، بە تایبەتی لەگەڵ پڕۆژەی ڕێگا و هێڵی شەمەندەفەرەوە کە سنووری باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەبەستێتەوە بە باشووری عێراقەوە.
وتی " هیوادارین بە پڕۆژەی گەشەپێدانی ڕێگاوبانەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ناوچەکە پتەوتر بکەین."

جێی ئاماژەیە تورکیا و عێراق کاردەکەن بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی گواستنەوەی وشکانی و هێڵی شەمەندەفەر لە پارێزگای بەسڕەوە بۆ سەر سنووری تورکیا.

ئەردۆغان وتیشی تورکیا بە تێگەیشتنەوە کار دەکات بۆ " پتەوکردنی یەکگرتوویی سیاسیی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی و هەوڵەکانی لە دووبارە بونیادنانەوەدا و جیاوازی ناکات لە نێوان ئەو پێکهاتانەدا کە وڵاتەکە پێکدەهێنن."

سەرۆکی تورکیا لە وتارەکەیەیدا باسی لە ناگۆرنۆ قەرەباغی جێناکۆکی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانیش کرد وگوتی قەرەباغ خاکی ئازەربایجانە، ئاماژەی بەوەدا هەر پێگەیەکی دیکە بۆ هەرێمەکە هەرگیز جێی قبوڵکردن نییە.

وتی " ئێمە لە سەرەتاوە پشتگیریمان لە پڕۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کردووە. بەڵام دەبینین کە ئەرمینیا بە تەواوەتی ئەم دەرفەتە مێژووییەی نەقۆستۆتەوە."

وتی " هەمووان لەسەر ئەوەی کۆکن کە قەرەباغ خاکی ئازەربایجانە. هەر پێگەیەکی دیکە بۆ قەرەباغ هەرگیز قبوڵ ناکرێت." وتیشی ئامانجی سەرەکی لە ئێستادا دەبێت پێکەوەژیان بێت بۆ هەمووان، بە ئەرمەنییەکانیشەوە لەسەر خاکی ئازەربایجان.

ئەردۆغان باسی لە بابەتێکی دیکەش کرد کە وتی بووەتە ڤایرۆسێک لە ناو وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەوانیش "ڕەگەزپەرستی و ئیسلامۆفۆبیا (ترس لە ئیسلام)ە"

ئەردۆغان وتی " ئاستی ڕەگەزپەرستی و بێگانەپەرستی و ئیسلامۆفۆبیا کە وەکو ڤایرۆسێک بڵاودەبنەوە بە تایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرگەی ناگیرێت."

نیشانەکانی بێگانەپەرستی و ڕەگەزپەرستی و ئیسلامۆفۆبیا لە ساڵی ڕابردوودا پەرەیان سەند بۆ قەیرانێکی نوێ و گەیشتنە ئاستێکی مەترسیدار.

سەبارەت بە هێرشەکانیش دژی قورئان لە ئەوروپا وتی " ئەو بیرەی کە هانی ئەو جۆرە هێرشە دڕندانانە دەدات دژی قورئانی پیرۆز لە ئەوروپا لە ڕێی ڕێگەپێدانییانەوە لەژێر پەردەی ئازادی ڕادەربڕیندا بە ڕاستی ڕەشکردنی داهاتوویەتی."

وتیشی تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە دەستپێشخەرییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا لە سەرجەم سەکۆکاندا، بە تایبەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپا و ڕێکخرای هاریکاری عەرەبیدا.

XS
SM
MD
LG