ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات و تاوتوێی پڕۆژە بڕیارێک دەکات کە تێیدا داوای دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی دەکات لە غەززە.
بڕیارەکە " نیگەرانی جددی دەردەبڕێت لەسەر دۆخە مرۆییە کارەساتاوییەکە لە کەرتی غەززە و مەینەتییەکانی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی " و جەخت دەکاتەوە لە پێویستییەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی و ئیسڕائیلیش لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا.
هەروەها داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بن و داواش دەکات دەستبەجێ سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن و یارمەتییە مرۆییەکانیش بگەیەندرێنە غەززە.
هەفتەی ڕابردوو بڕیارێکی هاوشێوە بۆ ئاگربەست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا شکستی هێنا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا ڤیتۆی دژی بڕیارەکە بەکارهێنا. بەڵام لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڤیتۆ نیە، بەڵام بڕیارەکانی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک نین دەبێت پابەند بن پێوەی، بەڵام قورسایی سیاسیی خۆیان هەیە.
ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر هەڵوێستی ئەمەریکای سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوون کردەوە و وتی " ڕوونمان کردووەتەوە کە ئێمە پشتگیری لە وەستانە مرۆییەکان دەکەین، پێمان وایە ئاگربەست ڕێگە بە سەرکردایەتی حەماس دەدات، کە پلانی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 یان داڕشت، بەردەوام بن لە غەززە و پلان بۆ هێرشی دیکە لە داهاتوودا دابڕێژن. ئەوە جێی قبوڵکردن نیە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا