Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 6.7 ملیار دۆلار دەکات بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 6.7 ملیار دۆلاری کرد بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و ئەو وڵاتانەش زۆرینەیان لە ئەفریقا و ئەمەریکای لاتینن و ژمارەیان 67 وڵاتە.

بەرپرسی یارمەتییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان مارک لۆکۆک وتی " لە وڵاتە زۆر هەژارەکاندا کاتێک داهاتی هەناردەکان و کەرتی گەشتیاری دیار نامێنن، دەبینین ئابووری وڵاتەکە دەڕوخێت. ئەگەر ئێستا ڕێوشوێن نەگرینەبەر ئەوا دەبێت ئامادە بین بۆ زیادبوونی ململانێ و برسێتی و هەژاریی."

وتیشی " لە زۆرێک وڵات برسێتی و هەژاری لێیانەوە نزیکە."

بەپێی ئامارەکان نزیکەی 3.7 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 263 هەزار کەسی دیکەش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کرد بە داواکانی بۆ کۆکردنەوەی دوو ملیار دۆلار بۆ یارمەتیە مرۆییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا. دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند تاوەکو پێنجی مانگی 5 نزیکەی 923 ملیۆن دۆلاریانکۆکردۆتەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش مانگی ڕابردوو وتی ترسی ئەوە هەیە یارمەتییەکان بەشی هەموو وڵاتە هەژارەکان نەکات. هەروەها نائومێدی خۆشی دەربڕی لەسەر ئەوەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستپێشخەرییان نەکردووە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG