Accessibility links

ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی زیادبوونی توندوتیژییەکانی میلیشیاکان دەکات لە کۆنگۆ


ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی زیادبوونی هێرشەکانی گروپە میلیشیاکانی کرد بۆ سەر ئاوارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ.

لە 10 ڕۆژی یەکەمی ئەم مانگەدا گروپە چەکدارەکان هەشت هێرشی کوشندەیان دژی ئاوارەکانی هەرێمی ئیتوری ئەنجامداوە.

وتەبێژی ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆریس چێشیرکۆڤ وتی چەند ساڵێکە ئاوارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ بوونەتە ئامانج و دەکوژرێن و دەڕفێندرێن و تاڵان دەکرێن و تاوانی دیکەی جۆراوجۆرییان بەرامبەر دەکرێت. بەڵام دڕندەیی و زیادبوونی هێرشەکان لەمدواییانەدا بەتایبەتی توشی سەرسوڕمانت دەکات.

وتیشی " لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرەتای ڕۆژی سێشەممە ، 15 ی مانگی دوو، میلیشیاکان بە چەقۆی گەورە 17 کەسیان لە لاندۆی ناوچەی دجوگۆ کوشتووە. هەشت منداڵ لەنێو ئەوانەدا بوون کە کوژراون، دایکێک و دووان لە منداڵەکانی بەزیندوویی سوتێندراون و چەکدارەکان پەناگەکانیشیان سووتاندووە."

لە یەکی مانگی دوودا لە یەکێک لە دڕندەترین هێرشەکاندا، گروپی چەکداری کۆدیکۆ کە پێکهاتوون لە جوتیارەکانی لێندو، لانی کەم 62 ئاوارەی سەر بە نەژادی هێمایان کوشتووە.

چێشیرکۆڤ وتی زیاتر لە 120 گروپی چەکدار لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ چالاکن، لەبەر ئەوەیە قورسە بزانیت کێ بەرپرسە لە هێرشەکانی ئێستا لە ئیتوری.

وتیشی ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاسایش و چاودێرییەکانی لە کامپی ئاوارەکان زیادکردووە، وتیشی کارمەندانی ڕێکخراوەکە هەمیشە لەنزیک هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێننەوە لە ناوچەکەدا.

وتی " دەزانین بەرپرسانی کۆنگۆش ئاسایشی ناوچەکەیان زیاتر کردووە. بەڵام هێرشەکان بەردەوامن و زیاتر دەبن. خەڵک دەکوژرێن، خەڵک ئاوارە دەبن و زۆرینەیان پێویستییەکی زۆر زۆرییان بە یارمەتی مرۆییەکان هەیە، قورسە بۆ ئێمەش لە زۆر شوێندا دەستمان پێیان بگات."

ڕێکخراوەکە دەشڵێت هێرشی کوشندە هەن دژی ئاوارەکانی ناوچەی ماسیسی لە باکووری هەرێمی کیڤو. دەڵێت ململانێکانی باشووری هەرێمی کیڤو لەم مانگەدا بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی لانی کەم 100,000 کەس.

ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی و کاروباری یارمەتیە مرۆییەکان دەڵێت توندوتیژی و ململانێکان لە ساڵی 2016 ەوە ساڵانە بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی 1 ملیۆن کەس لە کۆنگۆ، زیاتر لە 5.6 ملیۆن ئاوارە لە وڵاتەکەدا هەن، ئەوەش زۆرترین ژمارەیە لە سەرانسەری ئەفریقادا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG