Accessibility links

لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا داوای دادپەروەری دەکات

دە ساڵ دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر ئێزدییەکانی شنگال و کوشتن و ئاوارەکردن و دەستگیرکردنی ژنان و پیاوان و کوڕان و کچان و لە ناوبردنی کۆمەڵگەیەکی 400,000 کەسی، کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆە سوریا داوای دادپەروەریی و لێپێچینەوە دەکات لە تاوانەکانی داعش .

کۆمسیۆنەکە دەڵێت ڕزگاربووان و قوربانییانی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و تاوانەکانی داعش و هەروەها ئەو ژن و منداڵانەی کە تەنها بەهۆی پەیوەستبوونییانەوە بە داعشەوە دەستبەسەرکراون و لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی نایاسایی گیراون، دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنێک کە بتوانرێت و پشتیوانییان لێبکرێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژیانییان.

سەرۆکی کۆمسیۆنەکە پاولۆ پینهیێرۆ وتی " تراجیدیای ئێزیدییەکان هێشتا بەردەوامە، هەروەها بەبیرهێنانەوەیەکیشە لەسەر ئەوەی ئەو ئەندامانەی کە گوایە خەڵکی وڵاتێکی دیکەن و سەر بە داعش بوون و لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا گیراون دەبێت بگەڕێندرێنەوە و لە دادگا نیشتیمانییەکاندا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر تاوانی نێودەوڵەتی، بە تاوانەکانی پەیوەست بە ڕەگەزیشەوە. جەخت دەکەینەوە لەوەی ڕزگاربووان دەبێت سەنگی سەرەکی بن لەم هەوڵانەدا."

لە ساڵی 2014 دا داعش هێرشە ڕووخێنەرەکەی دژی ئێزیدییەکانی شنگالی باکووری ڕۆژئاوای عێراق دەستپێکرد، کۆمسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵکوژییەکەی داعش و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگی تۆمار کردووە، بە کوشتنی بە کۆمەڵیشەوە، هەروەها ناچارکردنی خەڵکەکە بۆ گۆڕینی ئایینەکەیان بۆ ئیسلام، بە کۆیلەکردن و توندوتیژی سێکسی دژی ژنان و کچان. دوای هێرشەکەیان بۆ سەر شنگال، داعش هەزاران ئێزیدی دەستگیرکراوی گواستەوە بۆ سوریا، لەوێ کچانی تەمەن نۆ ساڵیش ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی سێکسی بوونەتەوە، کوڕە ئێزیدییەکانیش لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە مەشقییان پێکراوە بۆ شەڕکردن و ئەرکەکانی خۆکوشتن.

داعش ژنان و کچانی ئێزی ڕووبەڕووی کۆیلایەتی و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆیی و کوشتن و لاقەکردن کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی کۆمەڵکوژییەکەیدا. ژنان و کچان بە بەرد لێیان دراوە و ناچارکراون هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارانی داعشدا بکەن.

هێنری میگالی کۆمسیار وتی " بەڕێوبەرایەتی خۆجێی و وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەبێت هەوڵە مرۆییەکانییان زیاتر بکەن بۆ ناسینەوە و ئازادکردنی ئەو ئێزیدییانەی کە لە کامپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاداوە گیراون. ئێزیدییەکان دەبێت هەلومەرجێکیان بۆ بڕەخسێندرێت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق و شادکردنەوەیان بە خێزانەکانییان، یاخود نیشتەجێکردنییان لە وڵاتێکی دیکە لەگەڵ منداڵەکانییاندا. وڵاتانی ئەندام دەبێت کارئاسانی بکەن بۆ ئەم دەرفەتانە."

لین وێلچمانی کۆمسیار دەڵێت " ژن و کچ و کوڕ و ڕزگاربووان و قوربانییە دەستگیرکراوەکانی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و تاوانەکانی دیکەی داعش، هێشتا لەگەڵ تاوانبار و بکەرانی ئەو کارانەدا گیراون، لە دۆخێکی نامرۆییدا لە کامپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت پشتیوانی لە هێنانە دەرەوەیان بکات و پشتیوانی لە باشی و هەوڵییان بۆ دادپەروەری بکات، نەک بەردەوامیدان بەو کارە دڕندانەی کە ڕزگارییان بووە لێی."

This item is part of
XS
SM
MD
LG