جێگری فەرماندەی ئەو سەرکردایەتییەی کە سەرپەرشتی پەیماننامەی ئاگربەستی جەنگی کۆریا دەکات و ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، وتی سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆریای باکوور دەستییان کردووە بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆسییەکەی سەربازی ئەمەریکایی تراڤیس کینگ، کە هەفتەی ڕابردوو چووە ناو کۆریای باکوورەوە.
تراڤیس کینگ کە سەربازێکی سوپای ئەمەریکایە و لە کۆریای باشوور جێگیر کرابوو، لە 18 ی مانگی حەوتدا لە میانەی گەڕانێکدا بە ناو ناوچەی داماڵینی سەربازیی سنووری ناوخۆی کۆریادا چووە ناو کۆریای باکوورەوە.
بەپێی جەنەڕاڵ ئاندرو هاریسن کە ئەفسەرێکی بەڕیتانییە و جێگری فەرماندەی هێزە نێودەوڵەتییەکانە، گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆریای باکوور لە ڕێی میکانیزمێکەوە ئەنجام دەدرێن کە لە ژێر پەیماننامەی جەنگی کۆریادا دامەزراوە.
هاریسن لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی " نیگەرانییە سەرەکییەکە بۆ ئێمە باشی دۆخی کینگە." ڕەتیشی کردەوە بچێتە وردەکارییەکانەوە سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ کۆریای باکووردا.
وتیشی " گفتوگۆکان لەگەڵ کۆریای باکووردا لە ڕێی میکانیزمی پەیماننامەی ئاگربەستەوە ئەنجام دەدرێن."
وتی " ناتوانم هیچ شتێک بڵێم کە ببێتە هۆی لادان لەو پڕۆسەیە."
دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور کە زۆرجار لێدوان لەسەر دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ئەمەریکایی دەدات، تاوەکو ئێستا باسی لە کینگ نەکردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سەربازە ئەمەریکاییەکە قسە لەگەڵ کۆریای باکووردا دەکات
