Accessibility links

ڕۆژی پێنجشەممە گۆتیرێش لە ئۆکرانیا لەگەڵ زێلێنسکی و ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕۆژی پێنجشەممە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە ئۆکرانیا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە، گوتیشی لە ڕۆژی هەینیدا سەردانی بەندەری ئۆدێسا دەکات کە لەوێ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بەهۆی نێوەندگری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دووبارە دەستیپێکردەوە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک گوتی گۆتیرێش لە لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا لەگەڵ زێلێنسکیدا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بارودۆخەکەی وێستگەی ناوکی زاپۆریژا دەکەن، هاوکات باس لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی دەکەن بۆ ململانێکان لەگەڵ ڕووسیادا.

ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی تەقەکردن لە نزیک وێستگەی ناوەکی زاپۆریژاوە، کە لە مانگی سێدا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکرا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە دەتوانێت کارئاسانی بکات بۆ سەردانی پشکنەرەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە کیێڤەوە بۆ وێستگەی زاپۆریژا، بەڵام ڕووسیا دەڵێت هەر ئەرکێک لە پایتەختی ئۆکرانیاوە بێت زۆر مەترسیدارە.

دواتر گۆتیرێش سەردانی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش دەکات لە ئیستەنبوڵ، کە هەریەک لە بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی کاری تێدا دەکەن و سەرپەرشتی هەناردەکردنی گەنم و پەینی ئۆکرانیا دەکەن لە دەریای ڕەشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG