Accessibility links

گۆتیرێش ڕەخنەی توند لە ئیسڕائیل دەگرێت لەسەر ڕێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی توندی کردە سەر ئیسڕائیل و وتی " دۆخێکی ترسناک و مردن لە برسێتیدا بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتووە " و تەنها ئیسڕائیل دەتوانێت ئەو بەربەستانە لاببات کە لە بەردەم گەیاندنی یارمەتی مرۆیی زیاتردان بۆ ناو کەرتی غەززە.

گۆتیرێش لە ماوەی سەردانێکدا بۆ قاهیرە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی میسڕدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا وتی " با ڕوونی بکەمەوە، هیچ شتێک بیانوو نیە بۆ هێرشە دڕندانەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا و گرتنی خەڵک لە ئیسڕائیل بە بارمتە."

وتیشی " بەڵام هیچ شتێکیش بیانوو نیە بۆ سزادانی بە کۆمەڵی گەلی فەلەستینی."

ڕۆژی یەکشەممە گۆتیرێش سەردانی خاڵی سنووریی ڕەفەحی کرد کە دەکەوێتە نێوان میسڕ و غەززەوە و وتی ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە " لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێزارکەرە."

گۆتیرێش لەبەردەم دەروازەی خاڵی سنووری ڕەفەحدا وتی " لێرەوە لەم خاڵە سنوورییەوە، دڵشکاندن و بێ ڕەحمیی هەمووی دەبینین. لە لایەکی دەروازەکەوە ڕیزێکی درێژی ئەو بارهەڵگرانە دەبینین کە یارمەتییەکانییان پێیە، لە لاکەی دیکەوە سێبەری مردن دەبینین لە برسدا. ئەوە لە تراجیدیا زیاترە. ئەوە لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێزارکەرە."

وتیشی تەنها ڕێگەی کاریگەر بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە ڕێی وشکانییە. گۆتیرێش لە میسڕ وتی " هێرشی ڕۆژانەی سەر شکۆی فەلەستینییەکان قەیرانی متمانەیی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە."

ئیسڕائیل بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات و دەڵێت ڕەفەحی باشووری غەززە دوایین شوێنی چەکدارانی حەماسە و دەبێت هێرشی بکرێتەسەر، لە کاتێکدا کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە هەڵاتوون بۆ ڕەفەح و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە. ئەمەریکاش ڕوونی کردووەتەوە کە پشتگیری لە هێرشی ئیسڕائیل ناکات بۆ سەر ڕەفەح بەبێ هەبوونی پلانێک بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لەو شارەدا.

XS
SM
MD
LG