Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی خاڵی سنووری ڕەفەح دەکات


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی شەممە، 23ی مانگی سێ سەردانی خاڵی سنووری ڕەفەحی غەززەی کرد لە دیوی میسڕەوە و وتی ڕیزێکی درێژی ئەو بارهەڵگرانەی کە یارمەتییە مرۆییەکانییان پێیە ڕێگەیان لێگیراوە بچنە غەززەوە لە کاتێکدا کە خەڵکی ناو غەززە لەودیوی خاڵە سنوورییەکەوە خەریکە لە برسێتیدا دەمرن، وتی ئەوە لە ڕووی ئەخلاقییەوە جێی بێزارکەرە.

گۆتیرێش وتی ئێستا کاتی ئەوەیە ئیسڕائیل " پابەندبوونی جێگیریی خۆی " بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە سەرانسەری غەززەدا پیشان بدات، هەروەها داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێ و ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکانی کرد کە لە غەززە گیراون.

گۆتیرێش لە لێدوانێکیدا لەبەردەم دەروازەی خاڵی سنووری ڕەفەحدا وتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ میسڕدا بۆ " ڕێکخستنی " گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە.

وتی " لێرەوە لەم خاڵە سنوورییەوە، دڵشکاندن و بێ ڕەحمیی هەمووی دەبینین. لە لایەکی دەروازەکەوە ڕیزێکی درێژی ئەو بارهەڵگرانە دەبینین کە یارمەتییەکانییان پێیە، لە لاکەی دیکەوە سێبەری مردن دەبینین لە برسدا. ئەوە لە تراجیدیا زیاترە. ئەوە لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێزارکەرە."

سەردانەکەی گۆتیرێش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسڕائیل ڕووبەڕووی فشارێکی جیهانی بوونەتەوە تاوەکو ڕێگە بدەن یارمەتی مرۆیی بچێتە غەززەوە، کە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە کە زیاتر لە پێنج مانگە بەردەوامە وێران بووە.

ئیسڕائیل کە بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات نیگەرانی ئەوەیە کە کە گروپە چەکدارییە فەلەستینییەکان ئەو یارمەتییە مرۆییانە تاڵان بکەن، سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی لەگەڵ غەززەدا داخستووە، جگە لە یەک خاڵی سنووریی. لە کۆتایی مانگی دوانزەدا ئیسڕائیل خاڵی سنووری کەریم شالۆمی کردەوە کە نزیکە لە غەززەوە و ئەو تۆمەتانەی میسڕ و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەت دەکاتەوە کە گوایە ئیسڕائیل گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی لەو خاڵە سنوورییەوە بۆ غەززە دواخستووە، دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان شکستی هێناوە لە دابەشکردنی یارمەتییەکان لە ناو غەززەدا.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز ڕەخنەی لە گۆتیرێش گرت لەسەر لۆمەکردنی ئیسڕائیل " بەبێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک سەرکۆنەی تیرۆریستانی حەماس – داعش بکات کە یارمەتییە مرۆییەکان تاڵان دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG