بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 40 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ پشتیوانیکردن لە یارمەتیە مرۆییەکان و هەوڵەکانی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئیسیوپیا.
بەپێی ڕاگەیاندنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 25 ملیۆن دۆلار لەلایەن سندوقی وەڵامدانەوەی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەرخان دەکرێت و 15 ملیۆن دۆلاری دیکەش لە سندوقی یارمەتیە مرۆییەکانی ئیسیوپیاوە تەرخان دەکرێت.
ئەو بڕە پارەیە بەکاردەهێندرێت بۆ زیادکردنی ئەرکە مرۆییەکان لە هەرێمەکانی باکووری ئیسیوپیا، کە لەوێ هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکە دژ بە هێزەکانی تیگرای دەجەنگن و ماوەی ساڵێکە بەردەوامن لە ململانێکانی نێوانیان. بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز نزیکەی 2.2 ملیۆن هاوڵاتی ئیسیوپی ئاوارە بوون.
هاوکات ئەم پارەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەش بەکاردەهێندرێت کە دەدرێن ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە باشووری ئیسیوپیادا.
گریفیث لە بەیاننامەیەکدا وتی " ملیۆنان هاوڵاتی ئیسیوپی لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین لەکاتێکدا قەیرانی مرۆیی وڵاتەکە لەزیادبووندایە."
وتی " پێویستیەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیاتر بووە. ئەم بڕە پارەیە یارمەتی ڕێکخراوەکان دەدات پێویستیەکانی هاوڵاتیە بێدەسەڵاتەکان تەرخان بکات کە پێویستیان بە پاراستن و پشوودان هەیە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا