Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەسەر خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی لە ئەفغانستان


وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک هۆشداریدا لەسەر خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی لە ئەفغانستان.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەدا، دوجاریک وتی دەستکەوتنی چارەسەری تەندروستی لە ئەفغانستان کەمبۆتەوە، حاڵەتەکانی سکچوون و سورێژە زیادییانکردووە، هەروەها هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا خاو بۆتەوە و ئیفلیجی لە منداڵانیشدا سەریهەڵداوەتەوە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە لە سەدا 17 ی زیاتر لەو 2300 ناوەندە تەندروستیەی کە پێشتر لەلایەن بانکی جیهانەوە پشتیوانیان لێکراوە و بەتەواوەتی چالاک بوون، ئێستا لە سێ بەش دوو بەشیان دەرمانە سەرەکیەکانیان تێدا نەماوە.

دوجاریک وتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەگەڵ بەخشەراندا کاردەکات تاوەکو ناوەندەکانی تەندروستی لە ئەفغانستان بەردەوام بن لە کارەکانیان و ڕێگە بگرن لە زیادبوونی حاڵەتەکانی مردن. وتیشی بەرنامەی خۆراکی جیهانی و یونسێف ڕایانگەیاندووە کارەکانیان لە ئەفغانستان زیاد دەکەن و زیاتر لە 100 تیمی تەندروستی گەڕۆک لە ئەفغانستان بڵاودەکەنەوە.

وتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵ داوای 600 ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ یارمەتیدانی 11 ملیۆن کەس تاوەکو ڕێگە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی مردن و ئاوارەبوون بگرن و ئازاری خەڵکەکە کەم بکەنەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG