Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان : دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی ئیسیوپیا


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی چوارشەممە هیوای خواست هەلێک هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی باکووری ئیسیوپیا لەنێوان هێزەکانی حکومەت و بەرەی ئازادی گەلی تیگرایدا، کە بووەتە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس لەسەر لێواری برسێتی بژین.

گۆتیرێش لە بەیاننامەیەکدا وتی لەگەڵ سەرۆکی نایجیریا ئۆلئسیگن ئۆباسانجۆدا قسەیکردەوە کە ڕابەرایەتی هەوڵەکانی یەکێتی ئەفریقا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیسیوپیا.

یەکێتی ئەفریقا ڕابەرایەتی هەوڵێکی نێوەندگری دەکات لە ململانێکانی ناوخۆی ئیسیوپیادا و ئۆباسانجۆش لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێکانی ئەو وڵاتەدا قسەی دەکات، هەوڵی ئەوە دەدات پشتیوانیەک لە ئاگربەست و ئەنجامدانی گفتوگۆ دروست بکات.

گۆتیرێش وتی " بەڕێز ئۆباسانجۆ سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی ئیسیوپیا و بەرەی ئازادی گەلی تیگرای قسەی لەگەڵدا کردم، بڕیاری لایەنەکان ئەوە بووە بەرەو دۆزینەوەی چارەسەرێک بڕۆن بۆ توندوتیژییەکان، هەروەها گەشبینی خۆشی دەربڕی سەبارەت بەوەی لە ئێستادا دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەسەرێکی سیاسیی و دیبلۆماسی بۆ ململانێکان."

لە 24 ی مانگی دوانزەدا حکومەتی ئیسیوپیا بڕیاریدا پێشڕەوییەکانی هێزەکانی بەرگری وڵاتەکە ڕابگرێت. هاوکات هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای وتیان لە هەرێمەکانی ئامهارا و ئافار دەکشێنەوە بۆ تیگرای.

گۆتیرێش وتی ئۆباسانجۆ دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیا و میکێلی پایتەختی هەرێمی تیگرای پێوتووە.

وتی " من دڵخۆشم بەوەی دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و پێکدادان کە کاریگەریی لەسەر ملیۆنان خەڵک لە سەرانسەری ئیسیوپیا و ناوچەکەشدا دروستکردووە، ئێستا هەوڵێکی بیندراو هەیە بۆ خستنەوەی ئاشتی."

نەتەوە یەکگرتووەکان چەند مانگێکە هۆشداری دەدات لەسەر ئەوەی زیادکردنی شەڕ و پێکدادانەکان مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوانی ناوخۆی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

وتیشی بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکەدا کۆسپ دەخاتە بەردەم پڕۆسەی ئاشتی.

وتی " دووبارە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەم وەکو هەنگاوێکی گرنگ بەرەو پڕۆسەی ئاشتی بەخێرایی بەرەو ڕاگرتنی شەڕ و دوژمنکارییەکان بجوڵێن." ئاماژەشی بەوەدا نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە گفتوگۆکانی ناوخۆی ئیسیوپیا دەکات.

هەروەها داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئاشتی بکەن لە ئیسیوپیادا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG