Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ئەو ڕووسییانە دەکاتە ئامانج کە تەقە لە وێستگە ناوەکییەکە دەکەن یاخود لەوێوە تەقە دەکەن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ئۆکرانیا ئەو سەربازە ڕووسییانە دەکاتە ئامانج کە تەقە لە وێستگە ناوەکییەکەی باشووری وڵاتەکە دەکەن یاخود وێستگەکە وەکو بنکەیەک بەکاردەهێنن بۆ تەقەکردن لێوەی.

ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا، کە گەورەترین وێستگەی لەو جۆرەیە کە ئەوروپادا. لە سەرەتای جەنگەکەدا هێزەکانی ڕووسیا وێستگەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.

زێلێنسکی وتی " هەر سەربازێکی ڕووسی کە تەقە لە وێستگەکە دەکات یاخود وێستگەکە بۆ تەقەکردن بەکاردەهێنێت، دەبێت لەوە تێبگات کە دەبێتە ئامانجێکی تایبەتی بریکارە هەواڵگرییەکانمان، یاخود دەزگا تایبەتی و سوپاکەمان."

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت داوایان لە مۆسکۆ کردووە هێزەکانی لە وێستگەکە بکشێنێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا هەواڵگری بەرگری ئۆکرانیا هۆشداریدا لەسەر " کارە وروژێنەرە نوێیەکانی " ڕووسیا لە دەوروبەری وێستگەکە، هاوکات سەرۆکی شارەوانی ئەو شارۆچکەیەی کە وێستگەکەی لێیە وتی وێستگەکە بۆردومان کراوە.

بەڵام بەرپرسی شارۆچکەکە ڤلادیمیر ڕۆگۆڤ کە ڕووسیا لەو پۆستەدا دایناوە وتی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆردومانی وێستگەکەیان کردووە.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک ڕووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی " لەو بەشەی وێستگەکەی داوە کە کارەبای باشووری ئۆکرانیا بەرهەم دەهێنێت."

پۆدۆلیاک وتی " ئامانجەکە ئەوەیە ئێمە لە وێستگەکە داببڕێنن و دواتر بەرپرسیارێتییەکەی بخەنە سەر شانی سوپای ئۆکرانیا."

دەزگای هەواڵگری بەرگری ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا هاویتزەرێکی جۆری پیۆنییان نزیک لە دەرەوەی شارۆچکەکە جێگیرکردووە و ئاڵای ئۆکرانیایان لەسەر داناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG