ڕۆژی دووشەممە ئۆکرانیا ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بەسەر خاکی ڕۆمانیای ئەندام لە ناتۆدا کەوتووەتە خوارەوە و تەقیوەتەوە، ئەوەش لە میانەی هێرشێکدا بۆ سەر ژێرخانی بەندەرێکی ئۆکرانیا لەسەر ڕووباری دانوبی، بەڵام بوخاریست ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە.
ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بانگەشەکەی ئۆکرانیا و ڕۆمانیاش پشتڕاست بکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئۆلیگ نیکۆلینکۆ وتی " بەپێی دەزگای پاسەوانی سنووری ئۆکرانیا، شەوی ڕابردوو لە ماوەی هێرشێکی گەورەی ڕووسیادا لە نزیک بەندەری ئیزمایل، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا لەسەر خاکی ڕۆمانیا کەوتووەتە خوارەوە و تەقیوەتەوە."
وتی " ئەمە پشتڕاستکردنەوەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی تیرۆری موشەکی ڕووسیا هەڕەشەیەکی گەورەیە نەک تەنها بۆ سەر ئاسایشی ئۆکرانیا بەڵکو بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێشی، بە ئەندامانی ناتۆوشەوە."
وەزارەتی بەرگری ڕۆمانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بانگەشەکەی ئۆکرانیای ڕەت کردەوە.
هاوپەیمانێتی ناتۆ یاسایەکی بەرگریی هاوبەشی هەیە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە هەر هێرشێک بۆ سەر هەر وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا وەکو هێرشکردنە سەر سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە سەیر دەکرێت.
نیکۆلینکۆ وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاگری تەقینەوەیەک دەردەکەوێت لەوبەری قەراغ ڕووباری دانوبییەوە، کە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هەرێمی ئۆدێسای ئۆکرانیا و خاکی ڕۆمانیایە.
سەرچاوەیەکی پیشەسازی ئۆکرانیا بە ڕۆیتەرزی وت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا لەسەر خاکی ڕۆمانیا کەوتوونەتە خوارەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز