Accessibility links

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا هەوڵ دەدەن بچنە ناو وێستگەی ئازۆڤستاڵەوە


بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ڕووسیا هەوڵیانداوە بچنە ناو وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵەوە لە شاری ماریوپۆڵی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی پێویست ناکات هێرش بکەینە سەر وێستگەکە.

سەرکردایەتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا تەقەیان کردووە و " ئۆپەراسیۆنێکیان " لە ناوچەی ئازۆڤستاڵ ئەنجامداوە، هەروەها هێرشی موشەکییان کردۆتەسەر شوێنەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا.

فەرماندەی هێزی 36 ی لیوای هێزی دەریایی ئۆکرانیا لە ماریوپۆڵ سێرهێی ڤۆلینا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕووسیا هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر وێستگەکە و بۆردومانیشی کردووە.

ڤۆلینا لە شوێنەکەی خۆیدا لە وێستگەکە وتی " قوربانیمان لێکەوتۆتەوە، بارودۆخەکە سەختە، زۆرێک لە پیاوەکانمان برینداربوون، هەندێکیان خەریکە دەمرن، کەمیی چەک و تەقەمەنی و خۆراک و دەرمان هەیە، بارودۆخەکە زۆر بەخێرایی خراپتر دەبێت."

جێی ئاماژەیە ڕووسیا کۆنستانتین ئیڤاچینکۆی وەکو سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ دەستنیشان کردووە، بەڵام ئۆکرانیا دانی پێدانەناوە. دەزگای هەواڵی تاس وتی ئیڤاچینکۆ ڕەتی کردۆتەوە هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە شارەکە ڕوویدا بێت.

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەسەر ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە.

ئەو هێزانەی کە هێشتا لە ماریوپۆڵ ماونەتەوە لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ خۆیان حەشارداوە، لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە شاری ماریوپۆڵ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە گەمارۆدراوە و بەردەوام بۆردومانکراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئۆلێکسی ئاریستۆڤیچ وتی " هێزەکانی ڕووسیا هەوڵ دەدەن کۆتایی بە بەرگریکارانی ئازۆڤستاڵ و زیاتر لە 1000 هاوڵاتی مەدەنی بێنن کە لە وێستگەکەدا خۆیان حەشارداوە."

ڕووسیا ڕەتی کردۆتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیای کردبێتە ئامانج و داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.

دواتر لە ڕۆژی یەکشەممەدا ئاریستۆڤیچ وتی ئۆکرانیا پێشنیاری " گفتوگۆیەکی تایبەتی " بۆ ڕووسیا کردووە لە ماریوپۆڵ، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی چارەنووسی ئەو هێزانەی ئۆکرانیا و هاوڵاتیانی مەدەنی کە هێشتا لە شارەکەدا گیرییان خواردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG