سەربازەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی گەمارۆدراو لە شاری ماریوپۆڵ بەڵێنیاندا تاوەکو لەژیاندا دەمێنن بەردەوام بن لە بەرگریکردن.
جێگری فەرماندەی یەکەی ئازۆڤی ئۆکرانیا کاپتن سڤیاتۆسلاڤ پالامار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئۆنلایندا وتی " تاوەکو لەژیاندا دەمێنین بەردەوام دەبین لە شەڕکردن تاوەکو بەرپەرچی داگیرکەرە ڕووسییەکان بدەینەوە."
پالامار وتی " کاتی زۆرمان لەبەردەستدا نیە، لەژێر بۆردومانێکی چڕداین." داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵ بدەن سەربازە بریندارەکان لە وێستگەکە بگوازنەوە
سەربازێکی دیکەی یەکەی ئازۆڤ، ئیلیا سامۆلیێنکۆ، کە ئەویش بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کرد، وتی هێشتا چەک و تەقەمەنی ئاوییان پێماوە و ئامادەن تاوەکو پێویست بکات شەڕ بکەن.
سامۆلیێنکۆ وتی " لە هەر ساتێکدا بێت دەکرێت بمرین، پەیامەکەمان ئەوەیە هەوڵەکانمان بەفیڕۆ مەدەن." داوای لە حکومەتی ئۆکرانیاش کرد زیاتر پشت بە بەردەوامیدان بە شەڕەکە بدات دژی هێزەکانی ڕووسیا وەک لەوەی پشت بەوە ببەستێت ڕووسیا لەڕێی گفتوگۆکانەوە نەرمی بنوێنێت.
درەنگانێکی ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی زیاتر لە 300 هاوڵاتی مەدەنی لە وێستگەی ئازۆڤستاڵ گواستراونەتەوە . وتی بەرپرسانی ئۆکرانیا ئێستا سەنگ دەخەنە سەر گواستنەوەی بریندارەکان و یارمەتیدانی دانیشتوانی شوێنەکانی دیکەی ماریوپۆڵ تاوەکو لە شارەکە بهێندرێنە دەرەوە.
بەڵام پالامار نەیتوانی ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئەو ژمارەیە لە هاوڵاتیانی مەدەنی گواسترابێتنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە هێزەکانی ئۆکرانیا نەیانتوانیوە سەرجەم ئەو ناوچانە بپشکنن کە بۆردومان کراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەربازانی ئۆکرانیا لە ئازۆڤستاڵ بەڵێن دەدەن تاوەکو کۆتایی شەڕ بکەن