Accessibility links

فەرمانڕەوای سیڤاستۆپۆڵ: ئۆکرانیا هێرش دەکاتە سەر بارەگای سەرەکی کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای ڕەش


فەرمانڕەوای هەرێمی شاری سیڤاستۆپۆڵی کرایمییە دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە بارەگای سەرەکی کەشتیگەلی ڕووسیایان داوە لە سیڤاستۆپۆڵی سەر دەریای ڕەش، هاوکات ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا ڕووسیا بە سەختی هێرشی کردۆتە سەر دوو شاری باشووری وڵاتەکە.

ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا لە زاری فەرمانڕەوای سیڤاستۆپۆڵ میخایل ڕازڤۆژایڤەوە بڵاوییان کردەوە پێنج کارمەندی کەشتیگەلەکە لە هێرشەکەدا برینداربوون، دەشڵێت هێرشەکە وادەردەکەوێت لەڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بووبێت کە خۆی کردووە بە حەوشەی بارەگاکەدا.

هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی دەریایی ڕووسیادا، کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە وتارێکیدا بەو بۆنەیەوە ڕایگەیاند هێزی دەریایی ڕووسیا لە چەند مانگی داهاتوودا موشەکی دەنگبڕی زیکرۆن وەردەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان ڕووسیا بە سەختی بۆردومانی شارەکانی میکۆلایڤ و نیکۆپۆڵی باشووری ئۆکرانیای کردووە.

سەرۆکی شارەوانی شاری میکۆلایڤ ئۆلیکساندەر سێنکیڤیچ بە کەناڵێکی ئۆکرانی وت بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە دوو کەس کوژراون و سێ کەسی دیکە برینداربوون، وتیشی ڕووسیا بە 12 موشەک لە ماڵ و دامەزراوەکانی خوێندنی داوە. وتیشی " ڕەنگە ئەمە گەورەترین هێرش بووبێت بۆ سەر شارەکە."

فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپیترۆڤسک ڤالێنتین ڕێزنیچینکۆ وتی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 50 موشەکی گراد لە ناوچەکانی دانیشتوانی شاری نیکۆپۆلیانداوە. وتیشی کەسێک برینداربووە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

لە 24 ی مانگی دوودا پوتن هەزاران سەربازی ڕەوانەی ئۆکرانیا کرد، دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا کە هەزاران کەسی کوشتووە و ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانیاشی ئاوارە کردووە، هەروەها بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG