سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا وتی شاری ستراتیژی ماریوپۆڵ " نەکەوتووە " و ئەو هێزانەی ئۆکرانیاش کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە گەمارۆ دراون تاوەکو " کۆتایی دەجەنگن."
ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهاڵ بۆ پڕۆگرامێکی کەناڵی ئەی بی سی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات ڕووسیا دوا وادەیدا بۆ خۆبەدەستەوەدانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماریوپۆڵ.
وتی " شارەکە نەکەوتووە، هێشتا هێزەکانی سوپاکەمان لەوێن، سەربازەکانمان لەوێن، لەبەر ئەوە تاوەکو کۆتایی دەجەنگن."
ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ئەگەر ئەو سەربازانە بکوژرێن ئەوا گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیادا نامێنن.
پێشتریش سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتبووی کە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا گەیشتوونەتە " کۆتاییەکی داخراو."
ڕۆژی یەکشەممە شمیهاڵ وتی ئۆکرانیا " ئەگەر بکرێت چارەسەرێکی دیبلۆماتی دەوێت، بەڵام ئەگەر ڕووسییەکان حەز بە گفتوگۆکان نەکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە تاوەکو کۆتایی دەجەنگین. خۆمان نادەین بەدەستەوە."
وتی " وڵاتەکەمان جێناهێڵین، خێزانەکانمان جێناهێڵین، خاکەکەمان جێناهێڵین. تاوەکو کۆتایی دەجەنگین."
کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بۆچوونی لەسەر ئەوەی کە پوتن دەڵێت ڕووسیا جەنگەکە دەباتەوە، شمیهاڵ وتی لەکاتێکدا هەندێک لە شارەکانی ئۆکرانیا گەمارۆدراون، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە خێرسۆن هیچ شارێک نەگیراوە. وتی زیاتر لە 900 شارۆچکە و ناوچە ئازادکراون.
هەروەها داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد چەک و تەقەمەنی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن تاوەکو هێزەکانی ئۆکرانیا پتەوتر بن، هەروەها داوای یارمەتی دارایی زیاتریشی کرد.
وتی وڵاتەکە " ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بۆتەوە و پێویستی بە یارمەتی زیاتر هەیە تاوەکو ئابوورییەکەمان ڕزگار بکەین."
سەرچاوە/ فرانس پرێس
سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا: هێزەکانی ئۆکرانیا تاوەکو کۆتایی لە ماریوپۆڵ دەجەنگن
