ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای گفتوگۆیەکی ئاشتی ماناداری کرد لەگەڵ ڕووسیادا، ئەمەش لەپێناو ڕاگرتنی داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا. وتیشی ئەگەر ئەوە ڕوونەدات ئەوا ڕووسیا " چەند نەوەیەکی دەوێت " تاوەکو قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە لەم جەنگەدا توشی بووە.
لە 24 ی مانگی دوودا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، لەو کاتەشەوە زیانێکی گەورە بەر هێزەکانی ڕووسیا کەوتووە و پێشڕەوییەکانیشیان بەشێوەیەکی بەرچاو خاوبوونەتەوە.
بەڵام هێزەکانی ڕووسیا گەمارۆی شارە گەورەکانی ئۆکرانیایان داوە، بۆردومانی ناوچەکانی دانیشتوانیان کردووە و لەم ڕۆژانەی دواییشدا هێرشە موشەکییەکانیان بۆ ئامانجە بەر بڵاوەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا زیاتر کردووە، دوور لە گۆڕەپانە سەرەکییەکەی جەنگ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
زێلێنسکی وتی " دەمەوێت ئێستا هەمووان گوێم لێبگرن، بەتایبەتی لە مۆسکۆ. ئێستا کاتی کۆبوونەوەیە، ئێستا کاتی گفتوگۆیە. کاتی ئەوەیە سەروەری خاک و دادپەروەری بۆ ئۆکرانیا بگەڕێنینەوە، زیانەکانی ڕووسیا بەشێوەیەک دەبن چەند نەوەیەکی دەوێت تاوەکو قەرەبوو بکرێنەوە."
دوایین جار لە 2 ی مانگی سێدا بوو ڕووسیا دانی بەوەدانا کە 500 سەربازیی لە ئۆکرانیا کوژراون، ئۆکرانیاش دەڵێت تاوەکو ئێستا هەزاران سەربازی ڕووسی کوژراون. ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ژمارانە پشتڕاست بکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز