Accessibility links

ئۆکرانیا داوای قەدەغەکردنی گەشتی ڕووسییەکان دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد سزای قەدەغەکردنی گەشت بسەپێنن بەسەر ڕووسییەکاندا، ئەمەش لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە پشتیوانی لێکراوە، بەڵام ڕووسیای توڕە کردووە.

بیرۆکەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕەنگە ببێتە هۆی دابەشکردنی یەکێتی ئەوروپا، کە دەمێکەیە ناکۆکیی لەنێوان وڵاتانی یەکێتییەکەدا هەیە سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ مۆسکۆدا.

داواکەی زێلێنسکی بۆ قەدەغەکردنی گەشتی ڕووسییەکان بۆ ماوەی ساڵێک و دەرکردنی ئەو ڕووسییانەی کە لە ڕۆژئاوا دەژین مەبەست لێی ئەوەیە " ئەو ڕووسییانە بگەڕێنەوە جیهانی خۆیان تاوەکو فەلسەفەی خۆیان دەگۆڕن."

گوتیشی ئەو سزایانەی کە تاوەکو ئێستا سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا زۆر لاوازن.

گوتی " هەر جۆرە ڕووسییەک هەیە ناچارییان بکەن بگەڕێنەوە بۆ ڕووسیا. ئەو کاتە تێدەگەن. دەڵێن ' ئەم جەنگە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە. ناکرێت سەرانسەری دانیشتوانی وڵاتەکە لۆمە بکرێت، دەکرێت؟"

لەلای خۆیەوە کرێملن لێدوانەکانی زێلێنسکی ڕەت کردەوە و گوتی لە کۆتاییدا ئەوروپا دەبێت بڕیار بدات لەسەر ئەوەی ئایا دەیەوێت پارەی " ئارەزووەکانی "زێلێنسکی بدات یاخود نا.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ گوتی " هەر هەوڵێک بۆ دابڕاندنی ڕووسیا یاخود ڕووسییەکان پڕۆسەیەک دەبێت کە هیچ ئاسۆیەکی نیە."

سەرۆک وەزیری ئیستۆنیا کایا کاڵاس پشتیوانی لە بیرۆکەکە کرد و گوتی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە یەکێتی ئەوروپا چیتر ڤیزا نەدات بە ڕووسییەکان. گوتی " سەردانیکردنی ئەوروپا سوودمەندبوونە نەک مافێکی مرۆڤ."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری فینلەندا ساننا مارین گوتی پشتیوانی لە سەپاندنی کۆتوبەند دەکات بۆ سەر گەشتیارانی ڕووسیا و وتی ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕەنگە لە کۆبوونەوەی دواترییاندا تاوتوێی ئەم بابەتە بکەن.

لە کاتێکدا هێشتا فینلەندا ڤیزای شنگن دەدات بە گەشتیارانی ڕووسی، ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا چیتر ڤیزای شنگن نادەن بە ڕووسیەکان. ناوچەی شنگن پێکهاتووە لە 26 وڵاتی ئەوروپی و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەتوانن ئازادانە و بەبێ پاسپۆڕت گەشت بۆ وڵاتانی یەکتر بکەن.

لاتیڤیاش بە هەمان شێوە پشتیوانی لە بیرۆکەکە دەکات.

ئەو وڵاتانەی دیکە کە پەیوەندییەکی نزیکترییان هەیە لەگەڵ ڕووسیادا ڕەنگە دژایەتی قەدەغەکردنەکە بکەن، لەوانەش هەنگاریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG