سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت دەمانچەیەکی پێیە و ئەگەر لە سەرەتای جەنگەکەدا ڕووسییەکان هێرشیییان بکردایە سەر بارەگاکەی ئەوا لەگەڵ ئەو سەربازانەدا کە لەگەڵیدان تاوەکو مردن شەڕی دەکرد.
زێلێنسکی بە کەناڵی 1+1 ی وت " دەزانم چۆن تەقە بکەم. دەتوانیت ئەم سەردێڕە بهێنیتە بەرچاوت ' سەرۆکی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسییەکانەوە بە بارمتە گیراوە؟ ئەمە شەرمەزارییە. باوەڕم وایە ئەمە شەرمەزاری دەبێت."
دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە 24 ی مانگی دوودا، لە ڕۆژەکانی سەرەتای جەنگەکەدا بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان یەکە هەواڵگرییەکانی ڕووسیا هەوڵیانداوە بچنە ناو کیێڤەوە، بەڵام شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە بگەنە شەقامی بانکۆڤا لە ناوەڕاستی شارەکەدا، کە ئۆفیسەکانی سەرۆکایەتی ئۆکرانیای لێیە.
یەکە سەربازییەکانی دیکەی ڕووسیاش هەوڵیاندا لە قەراغ شاری کیێڤەوە هێرش بکەن، بەڵام نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بە چەندین هەوڵی تێکدەرانەی شکستخواردووی ڕووسیا داوە لە ناو شارەکەدا.
زێلێنسکی وتی " پێم وایە ئەگەر بهاتنایە ناوەوە، بهاتنایە ناو بەڕێوبەرایەتییەکەوە، ئێمە ئێستا لێرە نەدەبووین." بەڵام ڕوون نەبوو زێلێنسکی باسی لە چی یەکەیەکی ڕووسی دەکرد.
وتیشی " هیچ کەسێک بە بارمتە نەدەگیرا چونکە ئێمە زۆر بە جددی ئامادە بووین بۆ بەرگریکردن لە شەقامی بانکۆڤا. تاوەکو دوایین کەسمان لەوێ دەماینەوە."
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا دەمانچەی پێیە و مەشقی لەسەر کردووە یاخود نا، وتی دەمانچەی پێیە و مەشقیشی لەسەر کردووە، ئەوەشی ڕەت کردەوە کە دەڵێن گوایە بەکاری دەهێنا بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت لە جیاتی ئەوەی دەستگیر بکرێت.
وتی " نەخێر، نەخێر، نەخێر. ئەوە بۆ تەقەکردن لە خۆم نیە. بە دڵنیاییەوە بۆ تەقەکردنە وەکو وەڵامدانەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
زێلێنسکی دەڵێت تاوەکو مردن شەڕی دەکرد ئەگەر ڕووسیاییەکان هێرشییان بکردایە سەر بارەگاکەی
