سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی وڵاتەکەی پێویستی بە چەکی قورسی زیاتر هەیە تاوەکو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا کە هەڕەشەی لەسەر بوونی ئۆکرانیا دروست کردووە، هەروەها داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد سزای زیاتر بسەپێنن بەسەر مۆسکۆدا.
زێلێنسکی لەمیانەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە پەرلەمانی پورتوگالی وت پورتوگالییەکان بەباشی دەزانن مانای شەڕکردن بۆ دیموکراسی چییە، هەفتەی داهاتوو پورتوگال ئاهەنگی تێپەڕبوونی 48 ساڵ بەسەر خوێناویترین شۆڕشدا دەگێڕێت کە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەتی فاشیست لە وڵاتەکەدا.
زێلێنسکی وتی " لە 57 ڕۆژی جەنگدا، زیاتر لە 1000 شارۆچکەی ئۆکرانیا لەلایەن داگیرکەرانەوە داگیرکراوە کە بەردەوامن لە کاولکردنی شارەکانمان. ملیۆنان خەڵک ناچار بوون هەڵبێن، وەکو ئەوە وایە سەرجەم هاوڵاتیانی پورتوگال ناچار بن وڵاتەکە جێبهێڵن."
وتی هێزەکانی ڕووسیا کاری دڕندانەیان ئەنجامداوە، لە شاری ماریوپۆڵیش کە ڕووبەڕووی بۆردومانێکی سەخت بووەتەوە.
زێلێنسکی وتی " ئێمە نەک تەنها بۆ سەربەخۆییمان شەڕ دەکەین، بەڵکو بۆ بوونیشمان شەڕ دەکەین، بۆ گەلەکەمان شەڕ دەکەین تاوەکو نەکوژرێن و ئەشکەنجە نەدرێن و لاقە نەکرێن. ڕووسییەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500,000 کەسیان ڕفاندووە و گواستراونەتەوە بۆ دوورترین هەرێمەکانی ڕووسیا بۆ کامپە دوورە دەستەکان."
مۆسکۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە. هەروەها ڕەتیشی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج و بەڵگەکانی ئۆکرانیا لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن ڕووسیاوە ڕەت دەکاتەوە.
زێلێنسکی داوای لە پورتوگال کرد پشتیوانی لە قەدەغەکردنی هاوردەی نەوتی ڕووسیا بکات و پشتیوانی لە ئارەزووی ئۆکرانیاش بکات بۆ چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا.
ماوەیەکی کورت دوای وتارەکەی زێلێنسکی، سەرۆکی پەرلەمانی پورتوگال ئۆگۆستۆ سانتۆس سیلڤا وتی " شەڕی وڵاتەکەت بۆ ئازادی شەڕی ئەوروپایە بۆ ئازادی."
ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل وتی یەکێتی ئەوروپا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای دیکە دەدات بۆ وەڵامدانەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز