ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە پێداچوونەوە بە نەخشەیەک کە پێشتر نهێنی بوو کە یەدەگی بەرفراوانی زەوییە دەگمەنەکان و کانزا گرنگەکانی دیکەی وڵاتەکەی پیشان دەدات، دەریخست کە هەوڵدەدات سەرۆک ترامپ ڕازی بکات بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی لەگەڵدا بکات بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمێر زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز نەخشەیەکی پاشماوە گەورە و دەگمەنەکانی زەوی و کانزا گرنگەکانی دیکەی خستەڕوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو نەخشەیە نهێنی بوو.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە بەڕێوبەرایەتییەکەی فشار دەکات بۆ کۆتایی هێنانێکی خێرا بە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا، ڕۆژی دووشەممە وتی دەیەوێت ئۆکرانیا پاشماوە دەگمەنەکانی زەوی و کانزاکانی دیکە بدات بە ئەمەریکا لە بەرامبەر ئەو یارمەتییە داراییەی کە ئەمەریکا پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ڕووسیادا.
زێلێنسکی وتی " ئەگەر ئێمە باسی ڕێککەوتنێک دەکەین، کەواتە با ڕێککەوتنێک بکەین، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە." جەختی لە پێویستییەکانی ئۆکرانیا کردەوە بۆ وەرگرتنی گرەنتی ئاسایش لە هاوپەیمانەکانییەوە وەکو بەشێک لە هەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
پایزی ساڵی ڕابردوو ئۆکرانیا باسی لە بیرۆکەی وەبەرهێنانی هاوپەیمانەکانی کرد لە کانزا گرنگەکانیدا، لە کاتێکدا کە " پلانی سەرکەوتنی " خستەڕوو کە تێیدا دەیخستە پێگەیەکەکی بەهێزەوە و مۆسکۆی ناچار دەکرد بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
زێلێنسکی وتی کەمتر لە سەدا 20 ی کانزا سروشتییەکانی ئۆکرانیا، بە نزیکەی نیوەی پاشماوە دەگمەنەکانی زەویشەوە، ئێستا لە ژێر داگیرکاریی ڕووسیادان.
پاشماوە دەگمەنەکانی زەوی گرنگن لە دروستکردنی موگناتیسی باش و ماتۆڕی کارەبایی و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا، زێلێنسکی وتی دەکرێت مۆسکۆ ئەو سەرچاوانە بە ڕووی هاوپەیمانەکانی وەکو کۆریای باکوور و ئێراندا بکاتەوە، کە هەردووکییان دوژمنی سەرسەختی ئەمەریکان.
وتی " دەبێت پوتن ڕابگرین و ئەوە بپارێزین کە هەمانە – دنیپرۆی زۆر دەوڵەمەند، ناوەڕاستی ئۆکرانیا."
هێزەکانی ڕووسیا چەندین مانگە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوام دەستکەوتییان هەیە، سەرچاوەیەکی گەورەیان لە هێرشەکانییاندا بەکارهێناوە، هاوکات سوپا بچووکترەکەی ئۆکرانیا بە دەست کەمی سەرباز و کەلوپەلەوە کۆشش دەکات.
زێلێنسکی نەخشەیەکی لەسەر مێزێک لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی لە کیێڤ هەڵدایەوە کە ژمارەیەکی زۆر کانزای نیشان دەدا، لەوانە پارچە زەوییەکی فراوان لە ڕۆژهەڵات کە پاشماوەی دەگمەنی زەوی تێدایە. وادیاربوو نزیکەی نیوەی ئەو زەوییە لە بەرەکانی پێشەوەی ئێستای ڕووسیادا بێت.
زێلێنسکی وتی گەورەترین یەدەگی تایتانیۆمی لە ئەوروپادا هەیە، کە زۆر گرنگە بۆ فڕۆکەوانی و پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان، هەروەها یۆرانیۆمیشی هەیە کە بۆ وزەی ئەتۆمی و چەک بەکاردەهێندرێت.
زۆربەی ئەو تایتانیۆمەی کە لە ئۆکرانیادا هەیە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، دوورە لە شەڕەکەوە.
بەڵام زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە کیێڤ سەرچاوەکانی " بە خۆڕایی نابەخشێتەوە "، بەڵکو هاوبەشییەک پێشنیار دەکات کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت و پێکەوە گەشەی پێبدەن.
وتی " ئەمەریکاییەکان زۆرترین یارمەتییان داوین، لەبەرئەوە ئەمەریکاییەکان دەبێت زۆرترین بە دەستبهێنن. دەبێت ئەوان لە پێش بن و لە پێشیش دەبن. حەزیش دەکەم ئەمە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا باس بکەم."
وتی ڕووسیا بە وردەکارییەوە زانیویەتی سەرچاوە گرنگەکانی ئۆکرانیا لە کوێدان، ئەوەش لە ڕێی ئامارە جیۆلۆجییەکانی سەردەمی سۆڤییەتەوە کە دوای ئەوەی لە ساڵی 1991 دا ئۆکرانیا سەربەخۆیی بە دەستهێنا ئەو ئامارانە گەڕێندراونەتەوە بۆ مۆسکۆ.
لەگەڵ ئەوەشدا زێلێنسکی وتی کیێڤ و کۆشکی سپی تاوتوێی بیرۆکەی بەکارهێنانی ئەو کۆگایانەی ژێرزەوی ئۆکرانیا دەکەن کە گازییان تێدا هەڵدەگیرێت، بۆ ئەوەی ئەمەریکا بتوانێت گازە سروشتییە شلەکەی خۆی تێدا دابنێت.
وتی " دەزانم کە بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ زۆر گرنگی بەوە دەدەن، ئێمە ئامادەین و دەمانەوێت گرێبەستمان هەبێت بۆ ئەوەی گازی سروشتی شلکراو بێت بۆ ئۆکرانیا. بێگومان ئێمە دەبین بە ناوەندێک بۆ سەرانسەری ئەوروپا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرچاوە گرنگە بەنرخەکانی ئۆکرانیا لە بەرامبەر پشتیوانی ئەمەریکا؛ زێلێنسکی بەدوای مامەڵەکردن لەگەڵ ترامپدا دەگەڕێت
