Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای جیاخوازەکانی ئۆکرانیا داوا لە ڕووسیا دەکات 30,000 سەرباز ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکات


ئالیکساندەر خۆداکۆڤسکی
ئالیکساندەر خۆداکۆڤسکی

فەرماندەیەکی کاریگەری جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا داوای لە ڕووسیا کرد 30,000 سەرباز وەکو پشتیوانییەک بۆ هێزەکانی جیاخوازەکان ڕەوانەی هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکات.

کرێملن هیچ لێدوانێکی نەداوە سەبارەت بە داواکەی ئالیکساندەر خۆداکۆڤسکی ڕابەری پێشووی دۆنێتسک کە خۆیان وەکو کۆماری دۆنێتسک ناساندووە و لە ئێستادا ئالیکساندەر سەرپەرشتی یەکەیەکی سەربازیی دەکات.

ڕەوانەکردنی 30,000 سەربازی ڕووسی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی خراپتربوونی گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و مۆسکۆ.

خۆداکۆڤسکی وتی پێی وایە هێزە جیاخوازەکان شکست دەهێنن ئەگەر ڕووبەڕووی هێرشێکی گەورەی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا ببنەوە، داواشی لە ڕووسیا کرد سیستمی موشەکی گراد و ئوراگان ڕەوانەی ناوچەکە بکات.

جێی ئاماژەیە ئەم شەڕەی نێوان جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و حکومەتی ئۆکرانیا لە ساڵی 2014 دا دەستیپێکرد، ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای گرتەخۆی.

حیزبی فەرمانڕەوای ڕووسیا، ڕووسیای یەکگرتوو، کە پشتیوانی لە سەرۆکی وڵاتەکە ڤلادیمێر پوتن دەکات، پێشتر وتوویەتی هێزەکانی جیاخوازەکان لە دۆنێتسک و لوهانسک پێویستیان بە چەکی زیاترە.

بەڵام تاوەکو ئێستا ڕووسیا بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان تاوتوێی بیرۆکەی پشتیوانی سەربازیی نەکردووە، هاوکات ڕووسیا هەوڵ دەدات گفتوگۆ لەسەر داواکارییە ئەمنییەکانی بکات لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

خۆداکۆڤسکی وتی جیاخوازەکانی دۆنێتسک خۆیان 30,000 شەڕکەرییان هەبووە، بەڵام تەنها 10,000 شەڕکەرییان گونجاون بۆ بەرەکانی پێشەوە.

خۆداکۆڤسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی " لانی کەم پێویستمان بە 40,000 شەڕکەر هەیە، بەڵام 40,000 بە چەکی ئۆتۆماتیکیەوە لە بەرەکانی پێشەوە."

هەروەها پێشوازی لە هەوڵەکانی ئاندرێی توچاکی ئەندامی حیزبی ڕووسیای یەکگرتوو کرد بۆ ڕەوانەکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازیی بۆ هەرێمەکانی جیاخوازەکان، بەڵام وتی پێویستمان بە شارەزایانیش دەبێت تاوەکو کار لەسەر " ئەو جۆرە چەکە ئاڵۆزانە بکەن."

وتی " دەمەوێت یەکە سەربازییە ڕووسییەکان ببینم کە دەتوانن ئەم چەکانە بەکاربهێنن."

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا جیاخوازەکان کۆمەڵێک ناوچەیان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵکرد، ڕووسیا زیاتر لە 700,000 ڤیزای داوە بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە. وابڕیاریشە پەرلەمانی ڕووسیا تاوتوێی پڕۆژەیەک بکەن و دواتر پێشنیاری بکەن بۆ پوتن، پڕۆژەکەش ئەوەیە پوتن هەرێمەکانی جیاخوازەکانی ئۆکرانیا وەکو دەوڵەتی سەربەخۆ بناسێنێت.

ئۆکرانیا ئەو هەواڵانەی ڕووسیای ڕەت کردۆتەوە کە گوایە ئۆکرانیا لەوانەیە هێرشێک ئەنجام بدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو دوو هەرێمەی کە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە، هەروەها مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی لەڕێی هێزی شاراوەوە پشتیوانی لە جیاخوازەکان دەکات، مۆسکۆش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

خۆداکۆڤسکی وتی زۆرینەی هێزەکانی جیاخوازەکان شەڕی زیاترییان ناوێت و نەیانویستووە ململانێکان بەشێوازی سەربازیی یەکلایی ببنەوە، لەو شەڕەشدا زیاتر لە 14,000 کەس کوژراون.

وتی " هێشتا هەر لە مێشک و تێگەیشتنیاندا ماوە کە لە کۆتاییدا ئەوان شەڕ لەگەڵ خەڵکی خۆیاندا دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG