Accessibility links

لە هێرشێکی ڕووسیادا بۆ سەر پەناگەیەک لە ئۆکرانیا 6 کەس کوژران


بەرپرسانی فریاگوزاری بەپەلەی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشێکی ڕووسیاوە بۆ سەر بینایەکی دوو نهۆمی لە شارۆچکەی تۆرێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا شەش هاوڵاتی دیکەی ئۆکرانیا کوژران.

دەزگای فریاگوزاری بەپەلەی ئۆکرانیا گوتی تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی پێنج کەسییان لەژێر پاشماوەی بینا ڕووخاوەکەدا دەرهێناوەتە دەرەوە و سێ کەسی دیکەیان بەزیندوویی دەرهێناوەتەوە، بەڵام دواتر یەکێکیان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

دەزگاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " شارۆچکەی تۆرێتسک ئەمڕۆ لەژێر بۆردوماندا بوو. بینایەکی دوو نهۆمی کە خەڵکەکە وەکو پەناگەیەک بەکارییان هێناوە بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێرانکرا."

وێنەکان دەریدەخەن تیمەکانی فریاکەوتن خەڵکەکە لەژێر پاشماوەی بیناکەدا دەردەهێنن، بەڵام دەزگای فریاگوزاری بەپەلە وتی گەڕان بەدوای ڕزگاربووەکاندا ڕاگیراوە.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج، بەڵام بۆردومانی زۆرێک لەو شوێنانەی کردووە کە سەربازیی نین، ئەوەش بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس لە ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG