جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا " چەند سەد هەزار تەنێکیان لە گەنمی " ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا دزیوە کە داگیرییان کردوون.
جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا تاراس ڤیستۆسکی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە وەکو خۆی دەڵێت ڕەنگە 1.5 ملیۆن تەن گەنمی دیکە کە لە ناوچەیەکی داگیرکراودا هەڵگیراوە، بدزرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕووسیای بە تۆمەتی دزینی گەنمی ئەو ناوچانەی کە داگیریکردوون تۆمەتبار کرد، وتیشی ئەم ڕەفتارەی ڕووسیا هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی جیهان دروست کردووە.
وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا میکۆلا سۆلسکی وتی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دزینی گەنم زیاتر بووە.
وەزارەتەکە لە زاری سۆلسکییەوە بڵاویکردەوە " من خۆم بەتایبەتی زۆر هەواڵی لەم شێوەیە لە خاوەن سایلۆکانی ناوچە داگیرکراوەکانەوە دەبیستم. ئەمەش لە هەموو شوێنە داگیرکراوەکاندا ڕوودەدات."
وتیشی بارودۆخەکە ڕەنگە کێشەی خۆراک لەو ناوچانەدا دروست بکات کە لە ئێستادا کۆنتڕۆڵ نەکراون.
سۆلسکی وتی " بەمزووانە لە باشوور گەنم کۆدەکرێتەوە، بەڵام جوتیاران لەم حاڵەتەدا لەوانەیە بڵێن : ئەمە سویچی تراکتۆرەکەیە ئەگەر دەتانەوێت بڕۆن خۆتان کۆیبکەنەوە."
لەلای خۆیەوە کرێملن ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و وتی نازانن ئەو تۆمەتانە لەکوێوە دێن.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی وتی شەش هەرێمی ئۆکرانیا کۆکردنەوەی گەنمییان لە سەرەتای بەهاردا تەواو کردووە، سەرەڕای داگیرکارییەکەی ڕووسیاش.
ئۆکرانیا دابەش بووە بەسەر 24 هەرێمدا، بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە هەرێمی لوهانسک، تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک نیە بۆ کۆکردنەوەی گەنمی هەرێمەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز