Accessibility links

ئۆکرانیا: ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغی دواتری هێرشەکانی


بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغی دواتری هێرشەکانی لە ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی مۆسکۆ ڕایگەیاند هێزەکانی ڕووسیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم ناوچەی ئەرکەکاندا زیاتر دەکەن.

بۆردومان و موشەکەکانی ڕووسیا شارەکانی ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج و ئۆکرانیاش دەڵێت لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەیان کەس کوژراون.

وتەبێژی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا ڤادیم سکیبیتسکی وتی " تەنها هێرشە موشەکییەکان نین لە ئاسمان و دەریاوە، بەڵکو سەرانسەری بەرەکانی هێڵی پێشەوەی شەڕەکە بۆردومان دەکرێن. فڕۆکەی تەکتیکی و کۆپتەری هێرشکردن بەکاردەهێندرێن."

وتیشی " ئاشکرا دیارە دوژمن ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغی دواتری هێرشەکانی."

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا وادیارە یەکە سەربازییەکانی ڕێک بخاتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر سلۆڤیانسک، شارێکی گرنگی ئۆکرانیا کە دەکەوێتە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتەوە و هێشتا لەژێر دەسەڵاتی کیێڤدا ماوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا دەڵێت ڕووسیا بەرگرییەکانی لە سەرانسەری ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری ئۆکرانیادا پتەوتر دەکات.

وتیشی پتەوکردنەکە بریتیە لە هێز و کەلوپەلی سەربازیی زیاتر لە نێوان ماریوپۆڵ و زاپۆریژا و خێرسۆنیشدا، هاوکات هێزەکانی ڕووسیا لە مێلیتۆپۆڵ ڕێوشوێنە ئاسایشییەکانیان زیاتر کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG