Accessibility links

ئۆکرانیا: بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیاوە 3 هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی خارکیڤ کوژراون


فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ دەڵێت بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕۆژی ڕابردووەوە بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ سێ کەس کوژراون، لەنێویشیاندا ئافرەتێکی بە تەمەن هەبووە کە ئەم شەو لە شاری خارکیڤ گیانی لەدەستداوە.

خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا نزیکە لە سنووری ڕووسیاوە و لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە بەردەوام لەژێر بۆردومانکردندا بووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلێ سینیهوبۆڤ گوتی " ئەو شەوە دوژمن جارێکی دیکە هێرشێکی موشەکی کردەوە سەر خارکیڤ."

گوتی " لە ناوچەیەکی پیشەسازی بینایەکی دوو نهۆمی زیانی بەرکەوتووە و بینایەکی نیشتەجێبوونی تایبەتیش کە ئافرەتە تەمەن 73 ساڵەکەی تێدا ژیاوە لەناوچووە. بەداخەوە گیانی لەدەستدا."

دوو کەسی دیکەش بەهۆی بۆردومانەکانی سەر گوندی زۆلۆچیڤی باکووری خارکیڤەوە کوژراون.

لە پەیامێکی جیادا، فەرمانڕەوای خارکیڤ ئاماژەی بە هێرشێکی موشەکی نوێدا، بەڵام وردەکاری نەدا.

بەیانی ڕۆژی سێشەممە زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی لە سەرانسەری ئۆکرانیادا لێدرا و بەرپرسانی وڵاتەکەش باسیان لە تەقینەوە کردووە لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG