Accessibility links

ئۆکرانیا: ڕەنگە هێزەکانی ئۆکرانیا ناچار بن لە شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک بکشێنەوە


فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی ڕەنگە هێزەکانی ئۆکرانیا ناچار بن لە شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک بکشێنەوە بۆ شوێنێکی باشتر، بەڵام دەستبەرداری شارەکە نابن و ڕۆژی چوارشەممەش شەڕێکی توند لە شارەکەدا هەڵگیرسا.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی ئۆکرانیا پێشبینی دەکات ڕووسیا بۆردومانەکانی بۆ سەر شارەکە زیاتر بکات و هێرشێکی گەورە بکات، مۆسکۆ سەرجەم هەوڵەکانی بۆ گرتنی شارەکە خستۆتەگەڕ.

وتیشی " شەڕەکە هێشتا بەردەوامە و هیچ کەسێک دەستبەرداری شارەکە نابێت، تەنانەت ئەگەر سوپاکەمان بۆ شوێنێکی باشتر بکشێتەوە. ئەوە مانای ئەوە نیە دەستبەرداری شارەکە ببن، هیچ کەس دەستبەرداری هیچ شتێک نابێت. بەڵام ئەگەری هەیە ناچار بن بکشێنەوە."

گایدای وتی " پێشبینی دەکەین بۆردومانەکان لە شارەکانی لیشیچانسک و سیێڤیێرۆدۆنێتسک زیاتر ببێت، پێشبینی دەکەین هێرشێکی گەورە بە ئاڕاستەی سیێڤیێرۆدنێتسک و پۆپاسنا ئەنجام بدرێت و هێزەکانی ڕووسیا هەوڵ بدەن دووبارە بە ڕووباری سیڤیرسکی دۆنێتسدا بپەڕنەوە تاوەکو پردێک دروست بکەن و پێشڕەوی زیاتر بکەن."

وتیشی ئامانجی سەرەکی ڕووسیا لە ڕۆژانی داهاتوودا گرتنی سیێڤیێرۆدۆنێتسک و بڕینی ڕێگەی سەرەکی ستراتیژی نێوان شارەکانی باخموت و لیشیچانسک دەبێت.

وتی " شەڕەکان زۆر سەخت دەبن و دەستبەرداری هەمووشتێکیان دەبن تاوەکو ئەم ئەرکە تەواو بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG